کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرین لە نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:47 - 4 سەرماوەز 2722

ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز،  "سەید محەممەد مۆئمێن پوور" پێشمەرگەی دێرینی خەڵكی شنۆ لە وڵاتی نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو خەڵکی گوندی "چەپەراوێـ"ـی شنۆ بوو و لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک پێشمەرگە لە ڕیزی تێکۆشەرانی ئەو حیزبەدا سازمان درا.

ناوبراو سەرەڕای چالاکیی زۆر لە دەرگیری و تێکهەڵچوونەکان و بەشداریی بەرچاوی لەو قۆناغانەدا، ئەرک و بەرپرسایەتی جۆراوجۆری لە حیزبدا پێ ئەسپێردراوە. لەوانە: جێگر لک لە هێزی کێلەشین، ئەندامی کۆمیتەی شارستان و کادری تەشکیلاتیی ناوچە، بەشداری لە کار و چالاکییە هونەرییەکانی هێزی سمکۆ و چەندین بەرپرسیارەتی دیکە.

ناوبراو پاش تەمەنێک خەبات و تێکۆشان لە ڕیزی ئەو حیزبەدا ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە دەرگیرییەکدا لە بناری چیای داڵانپەڕ بەهۆی تەقینەوەی خۆمپارەیەک بەتوندی بریندار بوو کە بەداخەوە بوو بە هۆی لەدەستدانی چاوەکانی و  وەک پێشمەرگەیەکی کەمئەندام درێژەی بە خەبات دا.

ناوبراو بەهۆی ئەوەیکە کەمئەندام بوو بە ناچاری ساڵی ١٣٧٨ ڕێگای هەندەرانی گرتە بەر و لە نۆروێژ گیرسایەوە و باقی ژیانی لە غوربەتدا بەسەر برد تا ئەوەیکە بەهۆی ڕاوەستانی دڵ ماڵاوایی یەکجاری لە بنەماڵە و هاوسەنگەران و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد.

برایەکی ناوبراو بە ناوی سەید "مستەفا مۆئمێن پوور" تێکۆشەری ناسراو لە ڕیزەکانی حیزبدا شەهید بووه. 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.