کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای مافی مرۆڤ داوای پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران دەکا

12:58 - 4 سەرماوەز 2722

شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی بەپەلەی خۆیدا سەبارەت بە سەرکوتی دڕندانە و خوێناویی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، داوای پێکهێنانی کۆمیتەیەک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران دەکا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی بەپەلەی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها کوشتنی ٤٤٠ کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، بەتایبەتیی ٦١ منداڵ و بریندارکردنی هەزاران کەس، دەسبەسەرکردنی هەزاران کەسی ، سەپاندنی سزای قورسی سێدارە بەسەر خەڵکی ناڕازیدا و هەروەها بە مەبەستی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی تیمی مافی مرۆڤ لە ئێران، پاش قسەکانی جاوید ڕەحمان ڕێپورتەری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئەو شۆرایە بڕیارنامەی پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێرانی لەهەمبەر خۆپیشاندەران و خەڵکی ئێران پەسەند کرد.

جاوید ڕەحمان، بەئاماژە بە کوشتنی خەڵکی ناڕازی لە ئێران بەتایبەتی خەڵکی کوردستان و بەلووچستان هەروەها ئاماژە بە بارودۆخی خراپی ئێستای شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و جوانڕۆ، کوشتنی خەڵک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە وتی: ئێستا ڕووداوێکی مێژوویی لە ئێران لەئارادایە و دەبێ شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی بە پێشێلکارییە مرۆییەکان لە ئێران بێنی و پێکهێنانی ئەو کۆمیتەیە ڕاستیی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران زیاتر دەردەخا.