ڕەزا دانشجوو
شۆڕشی ژینا لە کاتێکدا چۆتە نێو سێهەمین مانگی تەمەنی خۆیەوە، توانیویەتی پێشینەیەکی زۆر سەرکەوتوو لە زۆر بواردا نیشان بدات، پێشینەیەک کە بەڵێنی ڕۆژانی گەش بۆ خەڵکی ئێران دەدات، بەبێ گوێدان بە هەندێک هەوراز و نشێو لە ڕۆژانی شۆڕش، کە لە بەرانبەر ڕێژێمێکی دڕندە و بێبەزەیی وەک کۆماری ئیسلامی، تەواو ئاسایییە، خوێندنەوە و لێکدانەوەی سەیری ڕووداوەکانی ئەم قۆناغە دەمانگەیەنێتە ئەنجامێکی قەبوڵکراو. سازمانی بێ سەر و لە هەمان کاتدا یەکگرتوو و ئامانجداری شۆڕشی ژینا توانایی هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەرگرتووە.
کۆماری ئیسلامی هەر لە دەسپێکی شۆڕشی ژینا زۆر جار هەوڵی دا بە بەستنەوەی شۆڕش بۆ گرووپ و بزووتنەوەیەکی ناسراو دوژمنێکی دیاریکراو بۆ خۆی پێناسە بکات و بتوانێت ئاراستەی شۆڕش بگۆڕێت. هێرشی مووشەکی بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و پارتەکانی دیکەی کوردستان، تۆمەتی پێوەندیی ڕێبەری سوننەی ئێران بە عەرەبستان و هتد، بەشێک لەم هەوڵە وەهمییەی ڕێژیم بوو کە بەهۆی وریایی خەڵک و ڕەچاوی سیاسەتی ژیرانە لەلایەن ئەم لایەنانە شکستی هێنا. خاڵێکی تر هێرشی شۆڕشگێڕان بۆ سەر تەواوی پرەنسیپ و چوارچێوەی سیستمەیی کۆماری ئیسلامی بوو، کە بەکردەوە ئەگەری دەستێوەردان و هەر جۆرە نێوەندگیرییەکی لەلایەن تاقمێک ڕەوتی سیاسیی نێو ڕێژیم -ڕیفۆرمخوازەکانەوە- نەهێشت. هێرشێکی وشیارانەی خەڵکی شۆڕشگێڕ بەتابیەت لاوان بۆ سەر هەموو ئەو بەهایانەی لەلایەن ڕێژێمی کۆماری ئێسلامییەوە پێناسە کرابوون، لە دروشمدان دژی ڕێبەری ڕێژیم تا ناڕەزایەتیدەربڕین بە حیجابی زۆرەملێ و هێرشکردنە سەر ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیم. بەڵام ڕەنگە گرینگترین دەرئەنجامی ئەم ڕۆژانەی شۆڕشی ژینا، یەکگرتوویی نموونەیی نەتەوەکانی ئێران بووبێت کە بووەتە کابوسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. هەر لەو دروشمانەی کە لە ڕۆژانی یەکەمی شۆڕش لە کوردستان و ئازەربایجان بۆ پشتیوانی لە یەکتر دەدرا تا دەگاتە پاڵپشتی بۆ زاهیدان و بەلوچستان لە شارەکانی دیکە، ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە بوو بۆ نیشاندانی یەکڕیزیی گەلانی ئێران.
کۆماری ئیسلامی دوای ئەوەی بە هیچ جۆر نەیتوانی شەقام و دروشمە ئامانجدارەکانی خۆپیشاندەران بەلاڕێدا ببات، بە کەڵکوەرگرتن لە چیرۆکی کۆنی جوداییخوازی بۆ دوورخستنەوەی گەلانی ئێران لە یەکتر و بێهیواکردنی شۆڕشگێڕان لە ئاکامی شۆڕش لە قۆناغی یەکەمدا هەوڵی دا بە بەکارهێنانی تاقمێک سێلیبریتیی حکومەتی و دووپاتکردەوەی ئەم ترسە، یەکڕیزی خەڵک تێک بشکێنێت. ڕێژیم لەم بوارهدا بەتەواوی شکستی خوارد، چونکە بەگشتی ئەوانەی حازر بوون هاوکاری ڕێژیم بکەن کەسانێک بوون کە لای خەڵک بە باشی ناسراو بوون و قسەکانیان لای جەماوەر هیچ بایەخێکی نەبوو. لە قۆناخی دووهەمی ئەم پیلانەدا، ڕێژیم پەنای بۆ هەندێک لە بەکرێگیراوانی بیانی برد، کە تەنانەت بە ڕواڵەت لە نەیارانی ڕێژیمن بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ئەم ڕۆژانە پاشکەوت کراون. دیارە ئەمە بابەتەکە کەمێک ئاڵۆزتر دەکات و ڕەنگە تاقمێک کەس لە لێکدانەوەی ڕووداوەکان تووشی هەڵە بکات. بەپێی ئەم پلانە، ئەو کەسانەی بەڕواڵەت دژی ڕێژیمن له پەنا باسکردنی ڕاستییەکان بە هێنانە گۆڕی تیۆریی داتاشراو ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو جەماوەردا ساز بکەن و لە شۆڕش ساردیان کەنەوە.
لە درێژەدا شیکاری بۆ لێدوانی دوو کەس دەکەین کە بە ڕواڵەت دژبەری کۆماری ئیسلامین و لە ڕیزی خەڵکدا وەستاون، بەڵام ڕاستی مەسەلەکە شتێکی دیکە نیشان دەدات. خاتوو شیرین هانتەر (تەهماسب) ماوەیەک لەمەو بەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکا، وێرای دەربڕینی هەستی هاوسۆزی بۆ خەڵکی ئێران باسی لە مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی ئێران کرد! مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی "جۆرج تاون" لە ئەمریکا، بە دڵنیاییەوە وەک شرۆڤەکارێکی سیاسی مافی خۆیەتی خەمی داهاتووی وڵاتەکەی بخوات. کەواتە کێشەکە لە کوێیە؟ تەنها گەڕانێک لە گووگڵ لەسەر خاتوو هانتەر و بابەتەکانی چ وەک وتووێژ وە چ وەک نووسینی بابەت دەمانگەیەنێتە ئەنجامێکی سەرنجڕاکێش. بە شێوەکی باوەڕپێنەکراو زۆرێک لە چاوپێکەوتنەکانی خاتوو هانتەر لەگەڵ هەندێک لە دەزگاکانی هەواڵنێریی نزیک لە سوپای پاسداران وەک "مهر" و "مهر اندیشە" و... یە. لەوەش سەیرتر کاتێکە کە خاتوو هانتەر بە حیجابی ئیسلامییەوە لە بەرنامەی "شوکران"ی کەناڵی چواری کۆماری ئیسلامی ئێران دەردەکەوێت! پێویستە مرۆڤ لە خاتوو هانتەر بپرسێت لە کاتێکدا زۆرێک لە مامۆستایانی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆکانی ئێراندا یان لە زیندانن یان وانەوتنەوە و بڵاوکردنەوەی دەنگ و ڕەنگیان قەدەغەکراوە، چۆنە کەسێک کە سەردەمانێک نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ڕێژێمی شا لە لەندەن بووە، وا بووەتە جێی متمانە و باوەڕ و سەرنجی میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران؟
دوا بەشی ئەم سیناریۆ گاڵتەجاڕییە ئەو هەواڵەیە کە چەند ڕۆژێک دوای چاوپێکەوتنەکەی خاتوو هانتەر، لەلایەن "تسنیم"، میدیای سپای پاسدارانەوە بڵاو کرایەوە،. تەسنیم دەنووسێت: "چالاکیی جوداخوازەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە جۆرێک بوو کە، جگە لە نیگەرانیی خەڵک، هەندێک کەسایەتیی بیانییش خەڵکیان سەبارەت بە ئاکامی ئەم خۆپیشاندانانە وریا کردەوە. شیرین هانتەر، مامۆستای زانکۆی "جۆرج تاون" و ئەندامی ئەنجومەنی ئەمریکی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە تاقمێک لە جوداخوازەکان کە هەندێک کەس بە ئازادیی نەتەوەکان ناویان دەبەن، بەدوای جیابوونەوەدا دەگەڕێن، هەر جارێکیش تێکهەڵچوون دەبێت، ئەوان لەم هەڵە کەڵک وەردەگرن"! چ پەیوەندییەکی قووڵە، خاتوو شیرین هانتەر، ئێوەش وەک سپای پاسداران وشەی ئاژاوە و گێرەشوێنێ بۆ شۆڕشی گەلانی ئێران بەکار دەهێنن!
ئاشکرابوونی فایلێکی دەنگیی ڕەعنا ڕەحیمپوور، هەواڵنێری بی بی سی فارسی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دووبارەبوونەوەی ئەم سیناریۆیە بوو لە فۆڕمێکی تر لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاری جەوهەری. هەرچەندە ڕەعنا ڕەحیمپوور هەوڵی دا لێشاوەکە بە ئاراستەیەکی تردا پاڵ بنێت و بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەم فایلە دەنگییە دزەپێکراوە و بەبێ ئیزنی ئەو بڵاو کراوەتەوە، بەڵام خەڵک باش لە ڕاستییەکان تێگەیشتوون. لەم فایلە دەنگییەدا، کە بەخێرایی لە لایەن میدیاکانی نزیک لە سپای پاسدارانەوە پێشوازی لێ کرا، خاتوو ڕەحیمپوور هەست بە مەترسیی پێدانی کات بە حیزبەکانی کورد و لۆر لە لایەن کانالی "ایران انترنشنال" دەکات و نیگەرانە لە هەڵوەشاندنەوەی ئێران. چ ڕستەیەکی ئاشنا!
دیارە خاتوو ڕەعناش وەک ڕۆژنامەنووسێک دەتوانێت خەمی داهاتووی وڵاتەکەی بێت. بەڵام چەند پرسیارێکی سادە لە خاتوو ڕەحیمپوورەوە دەتوانێت بەشێک لە ڕاستییەکان ڕوون بکاتەوە. خاتوو ڕەحیمپوور دەڵێت ئەم فایلە دەنگییە دەرئەنجامی گفتوگۆیەکی ڕۆژانە بووە لەگەڵ دایکی و دزەپێکراوە، هەرچەندە ئەمە نابێتە هۆی هیچ گۆڕانکارییەک لە مەبدەئی بابەتەکە، بەڵام پرسیار ئەوەیە هەواڵنێرێک کە ساڵانێکی زۆرە لە میدیایەکی وەک "بی بی سی"دا کار دەکات نازانێت دەنگی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تۆمار دەکڕێت؟ ئەمەش لە کاتێکی وەها هەستیاردا! ئایا خاتوونی هەواڵنێر هەمیشە لە کاتی پێوەندی لەگەڵ دایکیدا بە جێی باسی بنەماڵەیی شیکاریی پێشهاتەکانی ئێران و جیهان دەکات؟ بەڵام دواتر سەبارەت بە قسەی تەواو ناڕاستی ڕەعنا ڕەحیمپوور چاوخشاندنێک کورت بە پۆستەکانی ئینستاگرامیی پەیجی ئێران ئینتەرناشناڵ بۆ زانیاری ئەوەی چەند بابەت لەسەر حیزبەکانی کورد و لۆر و... هەیە، ئاکامێکی زۆر ڕوون بە دەست دەدات. لە دوایین 300 پۆستی ئێران ئینتەرناشناڵ لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا هیچ شوێنەواری ئەو لایەنانە و گفتوگۆکانیان نییە، لە کاتێکدا هەموو بانگەواز و قسەکانی ڕەزا پەهلەوی لەلایەن ئێران ئینتەرناشناڵەوە ڕووماڵ کراوە. بەڕاستی خاتوو ڕەحیمپوور هیچ بۆچوونێکی لەم بارەیەوە نییە، یان ئەرکەکە شتێکی ترە؟
خاتوو ڕەحیمپوور لە فایلە دەنگییە دزەپێکراوەکەی لەگەڵ دایکیدا، کە تێیدا شیکاریی سیاسی دەکات، ئاماژە بۆ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەکا و ئەو کاریگەرییەی کە ئەم دروشمە دەتوانێت لەسەر داهاتووی وڵاتانی ناوچەکە و پرۆسەی دیموکراسی لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت ژنان هەیبێ. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا خاتوو ڕەحیمپوور بەڕاستی نازانێت ئەم دروشمە لە کوێوە و چۆن هاتە نێو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ئێران و چۆن جیهانی هەژاند؟ نازانێت ئەو کەسانە کێ بوون کە یەکەم جار بە کورتکردنەوەی قژیان -وەک زیندووکردنەوەی نەریتێکی کۆن- بوون بە هێمایەک بۆ کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیخواز لە جیهاندا؟ بەڵام تاڵترین بەشی قسەکانی خاتوونی هەواڵنێر ئەوکاتەیە کە نیگەرانیی خۆی لە لێدانی بەکرێگیراوێکی ڕێژیم لەلایەن شۆڕشگێڕانەوه دەردەبڕێت!! بڵێی خاتوونی هەواڵنێر چۆن تاقەتی دیتنی شەهیدبوونی ژینا، نیکا، حەدیس، شادمێهر و سەدان لاوی ئازادیخوازی بێتاوانی هەبێت؟
ڕاستییەکە شتێکی ترە، جوداییخوازی ناوی ڕەمزی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییە، ئەو بەکرێگیراوانەی کە ڕواڵەت و شێوەیان جیاوازە لە بەکرێگیراوانی نێوخۆ، کەمێک پاک و خاوێنترن کراوات دەبەستن و بەڕواڵەت حیجاب لەسەر ناکەن، بەڵام بێگومان ئەرکەکانیان یەکە، لەنێوبردنی یەکڕیزیی و یەکگرتوویی گەلان ئێران بۆ پاراستنی کۆماری پەت و سێدارە. بەڵام ئەوەی کەسانێک وەک شیرین هانتەر و ڕەعنا ڕەحیمپوور نایزانن واقیعی قاتی شەقامە، ئەو گەلە شۆڕشگێڕ و یەکگرتووییە کە هەموو بەربەست و لەمپەرێک تێدەپەڕێنن، ئەو خەڵکەی بڕیاری لەنێوبردنی دیکتاتۆریان داوە، گەڕانەوە بۆ دواوە بوونی نییە، جا کە وایە بێدەنگ بن و لە گۆشەیەک دانیشن تا نەکەوتوونە ژێر پێڵاوی شۆڕشگێڕان.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٥ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.