کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕین و بۆشایی دامەزراوەیەکی نەتەوەیی

17:46 - 4 سەرماوەز 2722

ئالان بەهرامی

لە ڕۆژانێکی مێژووساز داین. ڕاپەڕین دژ بە حکوومەتی ئیسلامی، سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی بە گوڕو تینێکی زیاترەوە پێی ناوەتە مانگی سێیەمەوە. لەم نێوەشدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەستپێکەری ڕاپەرینی ئەمجارەشە، هەروا سەرتۆپ و پێشڕەوە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕاپەڕین لە کوردستان لە باری ڕووبەری جوغرافی، بەردەوامی، پێکهاتەی بەشدارانەوە لە پلەی یەکەمدا وەستاوە. ئەم پێشڕەوایەتییەی کوردستان لە کاتێک‌دایە کە هەر وەک لە چوار دەیەی ڕابردوودا بینراوە دەستی هێزی سەرکوتکەری ڕێژیم بۆ نواندنی هەرچەشنە تاوانکاری و دڕندایەتییەک ئاوڵاتر لە ناوچەکانی ناوەندە. بە چەشنێک تا نووسینی ئەم دێڕانە دەیان کەس لە خۆپێشاندەرانی کوردستان کە لە نێویاندا منداڵیش هەیە، شەهید کراون، سەدان کەس بریندار بوون و بە هەزاران کەس گیراون و خراونەتە ژێر ئازار و شکەنجەی هۆویانەوە.

پێشڕەوایەتیی کوردستان بۆ چەند هۆکاریی مێژوویی و سیاسی دەگەڕێتەوە، کە لێرەدا بەکورتی ئاوڕیان لێ دەدەینەوە.

یەکەم بزووتنەوەی مێژوویی کورد بزووتنەوەی کورد لە نزیکی هەشت دەیەی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە شوناسێکی ڕزگاریخوازانەی هەبووە، شوناسێکی دیمۆکراتیک و مۆدێڕنگەرایانەشی هەبووە. بۆیە هاوکات لەدژی داگیرکاری و نێوەرۆکی نادیمۆکراتیکی حکوومەتەکانی ئێران وەستاوەتەوە. هەر بۆیە کۆمەڵگەی کوردستان هەردەم پتانسێەلی ئازادیخوازی و دژایەتی لەگەڵ سەرەرۆیی و توتالیتاریسمی هەبوە. "نا"ی مێژوویی خەڵکی کوردستان بە "کۆماری ئیسلامی" لە سەرەتای دامەزرانی ئەم ڕێژیمەوە و خەباتی بێوچانی بزووتنەوەی کورد لەدژی ڕێژیم بەڵگەی ڕاستیی ئەم وتەیەن. هەر ئەم تایبەتمەندییەش بۆتە هۆی ئەوە کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی حکوومەتی ئیسلامیدا خەڵک و بزووتنەوەی کوردستان ڕووبەرووی قورسترین شێوازەکانی سەرکوتی هەرچەشنە ئازادییەکی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی، تێرۆر و پەلاماری نیزامی و هەڵاواردنی ئابووری ببنەوە.

کەواتە ئەمەی ئەمڕۆ لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو دەدا، دەرکەوتەی بێ‌ئەملا و ئەولای ئەم هۆکارانەن کە لە سەرەوە باسیان کرا و هۆکاری گرنگی گەشەی وشیاریی نەتەوەییە. ئێستا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا ئامانجێکی هاوبەشی کۆتایی‌هێنان بە دەسەڵاتی ڕەشی حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی جوغرافیای ئێران کۆی کردۆتەوە، بگرە لێبڕاوانەتر لەوانیش هاتوونەتە مەیدان بۆ ئەوەی کۆتایی بە تەمەنی ئەم ڕێژیمە بێنن. چونکە باش لەم ڕاستییە گەیشتوون کە داهاتوویەکی گەش لەگرەوی ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران‌دایە و دوای ڕووخانی ئەم ڕێژیمە سەدە نێوەڕاستییە دەرفەت دەرەخسێ کە چارەنووسی سیاسیی خۆیان جارێک بۆ هەمیشە بەدەستەوە بگرنەوە.

ڕۆژە چارەنووسسازەکان یەک بە دوای یەکدا تێ‌دەپەڕن. ئەمڕۆ لە دوێنێ گرینگتر، سبەی لەمڕۆ گرینگتر. ئێستا ئیتر گومانی تێدا نەماوە کە ئەم ڕاپەڕینە وەک ئەو ڕاپەڕینانەی کە دە ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە، ئەگەری دامرکانەوەی نییە. ڕاپەڕین هەموو پانتایی جوگرافیای ئێرانی گرتۆتەوە، هێزی سەرکوت ڕاست بەپێچەوانەی ڕاپەڕین کە بە تێپەڕبوونی ڕۆژەکان بێ‌هێزتر دەبێ، توانای خۆی لەدەست دەدا. خەڵکی ڕاپەڕیو ئەزموونیان زیاتر بووە و باش لەم ڕاستییە گەیشتوون کە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان واتە ملدان بە ڕۆژانێکی ڕەشتر و خوێناویتر و تراژیکتر لە ڕۆژانی پێش ڕاپەڕین. بۆیە ئەم ڕاپەڕینە یەک ڕێگا زیاتری لە بەردەمدا نییە. بۆ پێشەوە تا سەرکەوتن!

ئێستا کە ڕاپەڕین کەوتۆتە قۆناخی بێ‌گەڕانەوەوە، گەورەترین دەرفەت لە بەردەم بزووتنەوەی کورددایە، کە سەنگی خۆی لە هاوکێشەکانی مەیدانی سیاسەتدا نیشان بدا. ئەمەش ئەرکی حیزب و ڕێکخراوە شوێندانەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر قورستر دەکا. هەرچەند سەنگی دەور و ڕۆڵی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک بەرچاوترین هاوپەیمانیی ڕۆژ‌هەڵات بەڕوونی هەست پێ‌دەکرێ، توانیوە دەوری باش لە سەرهەڵدان و بەردەوامیی ئەم ڕاپەڕینەدا بنوێنێ، بەڵام ئەم ناوەندە بە هیچ شێوەیەک وڵامدەری پێداوستییەکانی قۆناخی کۆتایی ڕاپەڕین و قۆناخی دوای ڕاپەڕن نییە. چونکە لە ڕاستییدا ناوەندی هاوکاری فۆرمێکی سەرەتایی ئەم دامەزراوە نەتەوەییەیە کە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات لەم قۆناخەدا پێویستیی پێیەتی. بۆیە پێویستە ناوەند هەرچی زووتر پەرەی پێ بدرێ و بکرێتە چوارچێوەیەکی  گشتگیرتر، کاراتر و وڵامدەرتر. مەبەست لە چوارچێوەی جێگای ئاماژە دەتوانێ پلاتفۆرم یان بەرەیەکی نەتەوەیی پێکهاتوو لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بێ کە ببێتە مەکۆیەک بۆ وەسەریەک‌خستنی هەموو هێز و تواناکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی تاراوگە.

هەرچەند لەمێژ ساڵە هەست بە بۆشایی دامەزراوەیەکی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ و هەنگاوێکی شیاوی بۆ هەڵنەهێنراوەتەوە، بەڵام لەم قۆناخەدا کە گۆڕانی گەورە بەڕێوەیە، نەبوونی دامەزراوەیەکی نەتەوەیی کە بتوانێ هەموو هێز و توانای نەتەوەکەمان لەژێر ساباتێکدا کۆ بکاتەوە، بە خەسارێکی گەورە دەژمێردرێ. بە تایبەت لەم هەلومەرجەدا کە ڕاپەڕین پێی ناوەتە مانگی سێیەم و ڕۆژانە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لەسەر شەقامەکان گیانیان بۆ ئازادی و سەربەستی دەبەخشن، کورد زیاتر لە هەرکات پێویستیی بە ناوەندێکی بڕیاری سیاسی و پلاندانان، باسکێکی بەهێزی دیپلۆماسی لە دەرەوەی وڵات، میدیایەکی نەتەوەیی و... هەیە.

دوا وتە:

کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باری گەشەی بیروبڕوای نەتەوەیی و شوناسخوازییەوە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر جێگای دڵخۆشی. هەر بەم پێیەش چاوەڕوانیی لە حیزب و ڕێکخراوەکانی خۆی هەیە لە ئاست پاراستن و پەرەپێدانی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیدا بن. کەواتە ڕوونە کە بەبێ دامەزراوەیەکی نەتەوەیی پێکهاتوو لە حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بژارەدەگەلی کورد لە نێوخۆی وڵات و تاراوگە ناکرێ وڵامی ئەم چاوەڕوانییە ڕەوایە بدرێتەوە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٥ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.