ناسر سادقی
این نکتەی رمز اگر بدانی، دانی
هر چیز کە در جستن آنی، آنی (مولانا)
ڕێبەر و پێشەنگی جووڵەی ئەم ڕاپەرینە شەهیدان و بنەماڵەی سەربەرزی ئەوانن، بابی شەهید کۆمار بە ئیلهاموەرگرتن لە بیست و پێنجی گەلاوێژ و هزری کۆماری کوردستان جگەرگۆشەکەی ناودێر کردووە. چینی ژنان و کچان ئایەتی "ژن ژیان ئازادی"یان بە خوێنی خۆیان وەک میراتێکی هەرماو و بەڵگەی سەروەری بۆ داهاتوو بە ئەمانەت کردە دیاری. پەخشانی زێرین و ئەدەبی بەرگریی بابی شەهید میلان حەقیقی لە هەزاران فەرسەخەوە بووە سووژە و سەردێڕی تریبوونەکان و زایەڵەی سروودی نەسرەوتن بۆ بەردەوامیی ئەو بزووتنەوە حەقخوازە. لە ئامێزگرتن و باڵ بەسەرکێشانی گڵکۆلەی میلان لە لایەن دایەگەورە و باوەگەورەیەوە بە ئاڵای کوردستان و جامانەوە پەیامێکی ڕوون بوو بۆ شۆرشگێرانی دیاسپۆرا و تاراوگە. گازەندەی هاوژینەکەی شەهید فریشتە له دوڵەت و ڕێکخراوە بێویژدانەکانی لە ئاست فرمێسکی کیژە بێنازەکەی، کاتێک پڕ بە گەرووی هاواری دایکی دەکا و مشتی پڕە لە خاکی گڵکۆکەی، ڕوحی مرۆڤ دەهەژێنێ، بەڵام ئەو بنەماڵەیە سەرەڕای ئەو کۆستە، هێشتا بە سەری بەرزەوە شانازی دەکەن کە لە ڕیزی بنەماڵەی شەهیدان و کاروانی خەباتن. ئەم چیرۆکە و شانازییەکانی لە زمانی دایکی شەهید پەیمان مینبەری، باوکی شەهید محەممەد حەسەنزادە، کوڕی شەهید غەفوور مەلوودی، برای شەهید ئازاد حوسێنزادە و شەهید مێهران ڕەحمانی و ... بەردەوام دووپات دەبنەوە.
مخابن زلهێزەکان بە درێژایی مێژوو چاویان کوێر و گوێیان کەڕە لەئاست مافە سرووشتی، زمانی و سیاسیەکانی نەتەوەی کورد و ئەو جوغرافیایە هەتا بووە ئەوە بەختیەتی. بۆیە ئەوەی دمێنێ هەر خۆمانین لە سەنگەری شۆڕش و بزووتنەوەی شاخ و شار. کێ لافاوی خرۆشاوی شەقامی لێ وەنە؟ کێ گڕکانی هەناسە و هەستی لاوان نابینێ؟ کێن شەوەزەنگیان کردووەتە ڕۆژی ڕووناک و برووسکئاسا لە چاوی نەیاران و خەنیمان ڕۆ دەچێ، سروودە حەماسی و نەتەوەییەکان دوژمنیان داماو و هەراسان کردووە. ئەوەی پێویستە خەڵکی ڕۆژهەڵات بیکەم، هەر لە کرماشان و سنە و سابڵاغ و گشت شار و شەقامەکانی کوردستانەوە، کردوویانە و ئێستاش لە سەنگەردا ماونەتەوە و بەڵێنی لاوانی ئیلام لەسەر مەزاری شەهیدان ئاسۆی ڕوونن بۆ بەردەوامی ڕاپەرین. یارسانەکان بە ژێی تەمبوور ژانی گەل دەچڕن و ژانیان خستۆتە هەناوی ڕەشی ڕێژیمەوە. شاعیر بە شێعر، کیژ بە سەما، هونەرمەند بە مۆسیقا و گۆرانی دارستانی هێناوەتە سەما. لە شەقام هەڵپەرکێی ئازادییە. دایکی شەهیدان باش دەزانن تازە کەس ناتوانێ نێوبژیوانی ئەوان بێ لەگەڵ ئەو دوژمنە ڕادیکاڵ و دیکتاتۆڕە .گەل لە خوێن و خەباتی خۆش نابێ، مەحاڵە.
ئەوان چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک نین، جگە لە گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی. ڕۆژهەڵات تامەزرۆی چێژی سەرفرازی و سەرکەوتنە بەسەر فاشیستاندا. بەها پیرۆزەکان ڕەمزی سەرەکی و خاڵی هاوبەشی گەلن، خەڵکی ڕاپەریو، هەڵکردنی ئاڵای ئازادی لەسەر گڵکۆی شەهیدان بەدوور نازانن، بەڵێ ئاسۆ ڕوونە.
گەل بە ئەندێشە و هزری شەهامەتەوە بە قوڵایی مێژوو، بە بیری سەربەستی لە گۆڕەپانی جەنگەوە، بە بوێری و سەرفرازی و ئەزموونی ڕابردوویان، تەژی لە هەست و چێژی سەرکەوتنن، خاک و چەک و چیاش سێکوچکەی هەرمانن بۆ کورد و گەل لێ بڕاوە بە عەشقەوە ئەو نیشتمانە سەر بخات. "سوارە" گوتەنی:
"لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە
چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە
لە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانییە"
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٥ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.