کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بە بەشداریی حیزبی دێموکرات بەڕێوە دەچێت

20:06 - 4 سەرماوەز 2722

ئەمڕۆ هەینی ٤ی سەرماوەز، بەرانبەر بە ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی لە شاری مادریدی پێتەختی وڵاتی ئیسپانیا، ٢٦ـەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بە بەشداریی هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد.

لەم کۆنگرەیەدا هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی "مستەفا هیجری"،  بەرپرسی  ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات بەشدارە.

"مەولوود سوارە" نوێنەری ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بە "ماڵپەڕی کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند کە بڕیارە کۆنگرەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت. 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە "مستەفا هیجری"، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات،  ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەز وتارێک لە پێوەندی لەگەڵ دوایین ڕووداوەکانی کوردستان و ئێران پێشکەش بە بەشداربووان دەکات.

"سوارە" هەروەها باسی لەوە کرد کە بڕیارنامەیەک سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشێلکارییەکانی لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتداریی ئەو رێژیمەدا لەلایەن کۆنگرەکەوە دەر دەچێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامی ئەسڵیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستە.

لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەدا زانیاریی زیاتر لەمبارەوە دەگوازرێتەوە.