کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیستدا سپاسنامەیەکی پێشکەش کرا

20:09 - 4 سەرماوەز 2722

لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیستدا بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لەپێناو ئاشتی، ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سپاسنامەیەک پێشکەش بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا.

لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست و لەلایەن رێبەرایەتیی کۆن و نوێی ئەو ڕێکخراوەیە و سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیاوە، بەشێوەی فەرمی و لە ڕێگەی دانی سپاسنامەیەکەوە ڕێز لە هاوکارییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەیە گیرا.

ئەو سپاسنامەیە پیشکەش بە "مستەفا هیجری" بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات کراوە.

ئەمڕۆ هەینی ٤ی سەرماوەز، بەرانبەر بە ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی لە شاری مادریدی پێتەختی وڵاتی ئیسپانیا، ٢٦ـەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بە بەشداریی هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد.

لەم کۆنگرەیەدا هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "مستەفا هیجری" بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات بەشدارە.

مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەز وتارێک لە پێوەندی لەگەڵ دوایین ڕووداوەکانی کوردستان و ئێران پێشکەش بە بەشداربووان دەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامی ئەسڵیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستە.