کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستیی پاسداران چەکوچۆڵی ڕەوانەی سنوورەکانی کوردستان کردووە

10:54 - 5 سەرماوەز 2722

سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هاوکات لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران، چەکوچۆڵ و هێزێکی زۆری بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان گواستووەتەوە.

هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٤ی سەرماوەز لە زاری "محەممەد پاکپوور" فەرماندەی هێزی ویشکانیی سپای پاسدارانی ڕێژمەوە لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: "گواستنەوەی ئەو چەکوچۆڵ و هێزە بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان، بە مەبەستی بەهێزکردنی سنوورەکانمانە و نامانهەوێ ئیزن بدەین کە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە دژبەرەکانی ئێران لەو سنوورانەوە دەربازی خاکی کوردستان ببن.

 

بەرپرسانی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە کاتی دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان، بە ڕەتکردنەوەی ئەوەیکە هۆکاری ئەو سەرهەڵدان و شۆڕشە لە نێوخۆی ئێرانە، بەردەوام هێزە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە باشووری کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئەو ڕاپەڕینە مەزنەی خەڵکی کوردستان لەلایەن ئەوانەوە بەرنامەڕێژی بۆ دەکرێ و ئەوە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمن کە خەڵکی کوردستان هان دەدەن.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام بە تۆمەتبار ناساندنی دژبەرانی خۆی و ناوبردنیان بە " تێرۆریست و جیاییخواز" خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بە فریوخواردوو و هێزی بێگانە و دوژمن ناو دەبەن و سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دژی حکوومەتە دیکتاتۆرەکەیان بە ڕەوا دەزانن.

هەر لەم پێوەندییەدا سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی لە باشووری کوردستان کردووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی.