کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: بەرپرسانی ئێران دەبێ دەنگی خەڵکی سەر شەقامەکان ببیسن

11:09 - 5 سەرماوەز 2722

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، سەرەڕای مەحکوومکردنی دووبارەی سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیو و ژنانی ئێرانی وتی: "بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەبێ گوێ لە خواستە ڕەواکانی خەڵکی ناڕازی بگرن".

"ئانا کلێر لێجندێر" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی هەینی ٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرەڕای ئاماژە بە کوشتنی بەئەنقەستی "ژینا ئەمینی" لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە وتی: "فەرانسە بە هاوکاریی وڵاتانی دیکە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ناچار بە وڵامدانەوە لەهەمبەر کوشتنی ژینا ئەمینی دەکا و دەبێ بکەرانی ئەو کردەوەیە سزا بدرێن".

لە هەمان کاتدا ڕاپەڕین و شۆڕشە مەزنەکەی خەڵکی ئێران و کوردستان پاش بانگەوازی پێشووتر بەردەوام بووە و ڕۆژی هەینی لە زاهیدان و چەندین شاری ئێران سەرەڕای سەرکوتی خوێنین لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە خەڵکی ڕاپەڕیو ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژی نیزام و خامنەیی وتووەتەوە.