کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا: ڕێژیمی ئێران دەبێ کۆتایی بە هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان و خەڵکی ناڕازی بێنێت

11:23 - 5 سەرماوەز 2722

وەزارەتی دەرەوەی کانادا، دەسبەسەرکران و سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێرانی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە بەتوندی مەحکووم کرد.

وەزارەتی دەرەوەی کانادا، ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سەرەڕای ڕێزگرتن لە خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی ئێران بەتایبەتی ژنان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران دەبێ کۆتایی بە هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان بێنێ و بە بێ هەڵاواردن چاو لەو ڕاپەڕینە مەزنەی خەڵکی ئێران بکا و دەنگی خەڵکی سەرشەقامەکان ببیسێت.

لەدرێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە، ژنان لە ئێراندا بە هێزەوە دەیانەوێت کۆتایی بە توندوتیژی و هەڵاواردن بێنن و ئەو ڕاپەڕینە ڕێبەری دەکەن، بۆیە کانادا لێبڕاوانە پاڵپشتی لە خەڵکی ئێران بۆ دابینکردنی مافەکانیان بەتایبەتی مافی ژنان دەکا.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی هەینی ٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و لە سێهەمین مانگی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی خەڵکی ئێران دژی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی، کۆمەڵێک لە چالاکانی مافەکانی ژنان، دەسدرێژی سێکسیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان بۆ سەر ژنانی ناڕازیی دەسبەسەرکراو" ئاشکرا و دووبارە" ناو برد و هەواڵی دەسبەسەرکرانی ٥٠ چالاکی بوارەکانی ژنانیان لە کاتی ئەو شۆڕشە مەزنەدا پشتڕاست کردەوە.