![](/content/upload/1/news/57171_w920.jpg)
لێژنەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئێران لە تاراوگە لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکانی کوردستانی بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی ناو برد و لەم پێوەندییەدا ڕۆڵی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە گرینگ ناو برد.
لێژنەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئێران لە تاراوگە، بە ئاماژە بەو ڕاستییە کە کوردستان لە ڕاپەڕینی ئەمجارەدا و لە بەرەنگاربوونەوە دژی ستەم، هەڵاواردن و گەندەڵییەکان لە سەنگەری پێشەوە بووە، باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی توندوتیژی و جینایەتەکان لە کوردستان و بەلووچستان زۆر زیاتر و بێبەزەییانەتر بووە.
ئەم لێژنەیە، بە وردی پەرژاوەتەوە سەر مانگرتنە سەرانسەرییەکان لە نێوان بازاڕییان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای کوردستاندا و ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێ هەموو ئێرانیان لە دەرەوە و لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا، لە بەرانبەر زێدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێراندا ڕاوەستن.
لێژنەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئێران لە تاراوگە، بە گرینگییەوە باسی لە ڕۆڵی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و بەتایبەتی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کردووە و ڕۆڵی ئەم ناوەندەی لە ڕێکخستنی هاوپەیمانی لە نێوان حێزب و لایەنەکاندا بە سەرەکی و گرینگ وەسف کردووە.