کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی تڕاژیک و مەترسیداری بۆکان لە سۆنگەی سیاسەت و جینایەتەکانی ڕێژیمەوە

22:32 - 5 سەرماوەز 2722

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێ مانگەی ڕاپەڕینی ژینادا زۆرترین گوشاری هەمەلایەنەی بۆ سەر خەڵکی شاری بۆکان هێناوە و ئەوەی لە بۆکان ڕوو دەدات جینایەتی جەنگی و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لە نێوخۆی شاری بۆکانەوە بە دەستمان گەیشتوون ڕێژیم بارودۆخی تایبەت (فوق العادە)ی بۆ ماوەی سێ مانگ لە شاری بۆکان ڕاگەیاندوە، هەروەها ھێزێکی تایبەت لە تارانەوە بە ناوی گرووپی "نخسا" (نیروی خودمختار سرزمین اسلامی) کە ڕۆژانە لە شەقامەکانی بۆکان مانۆڕ لێ دەدەن.

بەشێکی دیکە لە سیاسەت و بەرنامەکانی ڕێژیم لە بۆکان لێرەدا ئاماژەیان پێ دەکرێ:

- دانانی بازگەی پشکنین لە تەواوی ڕێگا سەرەکییەکانی ھاتنە ژوورەوە بۆ نێو شار و پشکنینی ماشێن و موبایلی خەڵک و جێگیرکردنی ھێز لە گەڕەکەکانی مەجبووراوا، میراوا، عەشایەر، بڵواری کوردستان، عەلیاباد و جادە حەسار و مەسکەنی مێهر.

- نانەوەی بشێویی شەوانەی ئەو ھێزە لەنێو شار و تەقەکردن و ھاوارکردنیان بە درووشمی (ئەڵاھوو ئەکبەڕ و حەیدەر حەیدەر) و شکاندنی ماشێن و دەرگا و پەنجەرەی خەڵک و ھەڵکوتانە سەر ئەندامانی بنەماڵەکان و ڕفاندنی کوڕ و کچە لاوەکان.

- گرتن و دەسبەسەرکردنی پتر لە هەزار کەس لە لاوان و خۆپێشاندەران کە ئەژمارێکی زۆریان کچ و ژنن بە جۆرێک کە بنەماڵەی زۆر لەوان بەهیوای دیتنەوەی ڕۆڵەکانیان نین.

بۆکان لە یەکەم ڕۆژەکانی "ڕاپەڕینی ژینا"وە بەشداریی بەربڵاوی لەو شۆڕشەدا کرد و بەداخەوە بەهۆی سەرکوتی خوێناوی و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا

١٤ کەس شەهید بوون و تەرمێکی زۆر لە ساردخانەی نەخۆشخانەی بۆکان هەیە کە ڕێژیم بە ھۆکاری ترس لە سەرھەڵدان و ناڕەزایەتیی خەڵک ئامادە نەبووە ڕادەستی بنەماڵەکانیانی بکاتەوە و دەگوترێ بەشێک لەوانیان شەوانە ناشتووە و دوایە بنەماڵەکانیان ناچار کردوون کە بێتوو دەنگی لێ دەربێنن ڕەحم بە گەورە و بچووکی بنەماڵەکانیان ناکەن. پاش ئاشکرابوونی شەھیدکرانی ھێمن ئامان و سەعدی شاڕووخی لە بەندیخانە، زاندراوە کە تەرمی سەعدی شێوێندراوە و تەنانەت جێی چەندین برینی چەقۆ و تەنانەت میلگردی پێوە دیار بووە.

لە ئێستادا بە بەردەوامی حکوومەت نیزامی لە زۆربەی گەڕەکەکان ڕادەگەیەندرێ، هەروەها بریندارێکی لە ڕادەبەدەر لە نێوشار هەن کە لە ترسی دەستبەسەرکران و ڕفاندن بۆ چارەسەری نەچوونەتە نەخۆشخانەکان و ھەر لە ماڵەكان حەشار دراون کە بە ھۆی نەبوونی دەرمانی پێویست بارودۆخی زۆربەیان ناجێگیر و مەترسیی گیانلەدەستدانیان لەسەرە.

بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا هەموو دەسەڵاتەکان لە فەرمانداری شار ئەستێندراوەتەوە و کۆنتڕۆڵی کوردستان بە گشتی دراوەتە دەست فەرماندەیی قەرارگای خاتەم بەشێکی زۆر لە هێزە ئینتیزامییەکان و تەنانەت سپای پاسداران لە نێو شارەکان بەهۆی ئەوەی لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە "نەرم" جووڵاونەتەوە، چەک کراون.

هەروەه لە تازەترین ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێراندا هاتووە، ئەوەی لە كوردستان رژیم دەرحەق بە خەڵك دەیكا جینایەتی جەنگی و تاوان دژی مرۆڤایەتییە، بۆیە پێشگرتن بە كۆماری ئیسلامی لە بەردەوامیی جینایەتەكانیدا پێویستیی بە ڕێكار و هەنگاوی بەكردەوەی جیدتر و لێبڕاوانەترە.