کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی مەجلیسی سێنای ئوسترالیا لە سەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی ئێران

11:37 - 6 سەرماوەز 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، مەجلیسی سێنای ئوسترالیا لە سەر خۆپیشاندانەکانی ئێران و سەرکوتی جینایەتکارانەی ڕێژیمی ئێران، کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوەیەدا ٨ سێناتۆر، باسیان لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.

سێناتۆر لاریسا واترز، سەرۆکی سەوزەکان لە سێنا، سێناتۆر کلیر چاندلەر، ئەندامی کومیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سێناتۆر دیوید وەن، ئەندامی کومیتەی ئەمنییەت و بەرگری و سێناتور پۆل ئوسکار، ئەندامی کومیتەی یاسایی بەوردی لە سەر خۆپیشاندانەکانی ئێران، بارودۆخی مافی مرۆڤ، تەقە لە خۆپیشاندەرانی بێ‌دیفاع، کوشتنی ژنان و منداڵان قسەیان کرد و بە تێکرا چەند داواکارییەکیان ئاراستەی حکوومەتی وڵاتەکەیان کرد.

داواکارییەکان بریتی بوون لە: خستنە نێو لیستی تێرۆری سپای پاسداران و ھێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیران، دەرکردنی ئێران لە بەشی ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەست داگرتن بە سەر داراییەکانی ئێران.

ھەموو سێناتۆرەکان لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە ئوسترالیا وەک ئامریکا، کانادا و بریتانیا گەمارۆ بخاتە سەر ئێران و ھەروەھا گلییەیان لە حکوومەت کرد کە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەبارەی ڕێژیمی ئێرانەوە نەداوە.