کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دەیەوێ ناونیشانی شەهیدەکانی کوردستان بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات

11:47 - 6 سەرماوەز 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا،  بڕیارە نوێنەری وەلی فەقیهـ بچێتە کوردستان و لەگەڵ کاربەدەستانی ئیتلاعات و سپا کۆ ببێتەوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ڕێژیم لە هەوڵدایە بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینەکانی کوردستان بانگ بکات و ئەوان وەک "بنەماڵەی شەهید"ی خۆی لە قەڵەم بدات، بەڵام بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینەکان ڕایانگەیاندووە ئەوان وڵامی ڕێژیمی ئێران نادەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان ئیدارەی ئیتلاعات و سپاش ڕاسپێردراون هەندێک کەسی سەر بە خۆیان کۆ بکاتەوە و هەرچی نوێنەری وەلی فەقیهـ وتی ئەو کەسانە بۆی پشتڕاست بکەنەوە.

ڕێژیمی تاران لە هەوڵدایە کە فەرماندەی هێزی ئینتزامی و فەرمانداریی چەند شاری کوردستان بگۆڕێت.

ڕێژیم بەردەوام هەوڵ دەدات بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینی کوردستان بۆلای خۆی ڕابکێشێت، بەڵام بنەماڵەی شەهیدان ئیرادە و ورەیان لەوە بەهێزترە فریوی ڕێژیمی ئێران بخۆن.

بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕین لە کاتی ناشتنی ڕۆڵەکانیان لە گۆڕستان بە شانازییەوە باسیان لەوە کرد کە ئەوان ڕۆڵەی کوردستانن و ڕۆڵەکانیان پێشکەش بە کوردستان کردووە.