کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە شاری نەغەدە

12:06 - 6 سەرماوەز 2722

دایە خەدیجە ئەرشەدی دایکی شەهید عەزیز عەبدوڵاپوور و هاوسەری عەلی عەبدوڵاپوور، ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف، لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە خەدیجە ئەرشەدی، هاوسەری کاک عەلی عەبدوڵاپوور، ئەندامی کۆمەڵەوی ژێکاف و دایکی شەهید عەزیز عەبدوڵاپوور بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە لە شاری نەغەدە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

شەهید عەزیز لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و دێموکرات لەدایک بوو؛  باوکیشی هەر پێشمەرگەی سەردەمی شەهید موعینی بووە.

هەر لە مێرمنداڵییەوە هەستی کوردایەتیی هەبووە و بە باشی هەستی بە زەوتکرانی مافی خۆی و گەلەکەی کردووە.

شەهید عەزیز ساڵی ٦١ی هەتاوی بەرگی پیروزی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکا و چەکی شەرەف بۆ بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکاتە شان و دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە هێزی شەهید ئەفشین لە شارستانی نەغەدە تێکەڵ بە ڕۆڵە چاونەترسەکانی دێموکرات و هێزی پێشمەرگە دەبێ.

 شەهید عەزیز کوڕێکی زیرەک و نەترس بوو و لەنێو دۆست و هەواڵانی بە کوڕێکی چاونەترس ناسرابوو؛ بۆیە لەنێو هاوڕێ پێشمەرگەکانی و خەڵکیش خۆشەویست بوو. شەهید عەزیز لە شەڕەکانی ڕێگای مەهاباد-ورمێ، شنۆ-نەغەدە و نەغەدە-پیرانشار و شەڕی زێدی باب و باپیرانی لە گوندەکانی حەڵبێ و کۆیکان و کەرێزە بەشداریی کردووە.

 شەهید عەزیز لە دوایین شەڕی لە دۆڵی بایزاوێ و لە گوندەکانی بایزاوێ، شاوەلە و دەشتی قوڕێ و کانی بداغ و کانی مەلا و گەرگولی خوارێ و سەرێ بەشدار بووە و هەر لەو شەڕەدا بەداخەوە لە گوندی کانی بداغ شەهید بووە و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی کوردستان بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی شاری نەغەدەی کوردپەروەر دەکات وخۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.