کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣٠٠ کەسایەتیی زانستیی ئامریکا دوایان لە بایدن کرد سەبارەت بە سەرکوتی خوێندکاران لە ئێراندا هەڵوێستێکی جیددی بگرێت

11:44 - 12 خەزەڵوەر 2722

زیاتر لە دوو هەزار و ٣٠٠ کەس لە کەسایەتییە زانستییەکانی زانکۆکانی ئامریکا وەک کەسانی خاوەن "خەڵاتی نۆبێل، خەڵاتی نەتەوەیی زانست و میداڵی فیڵدز" لە نامەیەکدا داوایان لە "جۆ بایدن" سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کرد کە لەهەمبەر سەرکوت و شەهیدکرانی خوێندکارانی ناڕازی لە ئێراندا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە زووترین کات هەڵوێستێکی جیددی بگرێت.

لەو نامەیەدا باس لەوە کراوە کە "جووڵانەوەی خوێندکاران لە ئێراندا مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە و هەمیشە لە ڕاستای هەوڵ و تێکۆشانی خەڵک بۆ ئازادی و حکوومەتێکی خەڵکی بووە".

ئەو کەسایەتییە ناسراوانە ئاماژەیان بە جووڵانەوەی خوێندکاران بەر لە شۆڕشی ساڵی ٥٧ کردووە و وتوویانە "ئەو کات بەشێکی زۆر لە خوێندکاران لەو جووڵانەوەیەدا گیانیان لەدەست دا و لە ئێستادا نابێ ڕێگە بدەن ئەو مێژوویە دووبارە ببێتەوە".

لەم نامەیەدا هاتووە: ئێمە واژۆکەرانی ئەم نامە کە دە کەسی خاوەن خەڵاتی "نۆبێل" و زیاتر لە ٤٢٥ مامۆستای زانکۆی ئێرانی تێیدا بوونی هەیە، داوا لە "بایدن" دەکەین هەتا ئەو کاتەی کە ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر تەواوی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا ئەنجام دەدرێن وڵامدەر نەبن، دەبێ هەر جۆرە وتووێژێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگیرێت و نابێ هیچ گەمارۆیەکیش لەسەر ئێران لابردرێت.