کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشی ژینا سەر دەکەوێ

17:56 - 6 سەرماوەز 2722

برایم جەهانگیری

 ئەوەی کە لەو چەند ڕۆژەدا ڕێژیم هار بووە و چەتە و پیاوکوژەکانی بەتایبەتی بە کۆڵان و شەقامی شارەکانی کوردستاندا بڵاو کردۆتەوە و دەستی کردووە بە زەبروزەنگ و تۆقاندن، وەک مێژووی شۆڕشەکانی دژی دیکتاتۆڕی شتێکی زۆر ئاسایی و نۆرماڵە. دەی ئەگەر دیکتاتۆر وا بەهاسانی دەست هەڵگرن خۆ نەدەبوونە عەزیا بە سەر ئەم خەڵکەوە، بەڵام کوورەی نێڵ‌دراوی ئەو شۆڕشە تازە مەحاڵە سارد بێتەوە.

شۆڕشی ژینا زۆر شتی کردووە کە سەرەکیترینیان بریتین لە:

یەکەم، شۆڕشی ژینا ژنی وەها ڕاچڵەکاند و دەگەڵ ماف و ئازادییەکانی خۆی ئاشنای کردەوە کە مەحاڵە تازە ژن لە ئێراندا واز لە داخوازییە ڕەوکانیان بێنن. لەوەش بەوەلاوەتر بە دڵنیاییەوە ئەو داخوازییانە هەر لە ئاست ئازادکردنی سەرپۆش و لەچکدا  نامێنێ و ئەوان سوور دەزانن بە بوونی ئەو دەسەڵات و حکوومەتە هەرگیز بە ئازادییە سەرەتاییەکانی خۆشیان ناگەن.

دووهەم، شۆڕشی ژینا گەنجی ئێرانی و کوردستانی وەها ڕاچڵەکاند کە لە ماوەی دوو مانگ و بڕێکدا پێی سەلمێنرا کە ئەو بە یەکگرتوویی دەتوانێ چۆک بەو ڕێژیمە دڵ پڕ لە کینە و نەفرەتە دابدا و لەو ماویەشدا ئەو سەرکەوتنەی خۆی و شکستی ئەو دەسەڵاتەی لەبەرانبەر خۆیدا بەچاوان دیت. هەر بۆیە مومکین نییە تازە گەنجی ئێرانی بە گشتی بتوانێ و بێڵێ ئەو ڕێژیمە وەکوو پێشوو حوکمی بە سەردا بکا.

سێهەم، شۆڕشی ژینا هاوپێوەندی و یەکگرتووییەکی کەم‌وێنەی لە سەرانسەری ئێران لە نێوان گەلانی ئێراندا و لە نێوان ناوەند و بەشەکانی دیکەی ئێراندا پێک هێنا، بە جۆرێک کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا یەکگرتووییەکی سۆزداریی وەک زنجیرێکی پۆڵایین سەرانسەری ئێرانی لێک گرێ دا. دیارە تا ئەم دەقیقەیەش ڕاپەڕینی هیچ شارێکی ئێرانی بە تارانی پایتەختیشەوە نەیتوانیوە بگاتە ڕاپەڕینی هیچ یەک لە شارەکانی کوردستان، بەڵام شەڕە گەڕەک لە زۆر ناوچەی تارانیش وای کرد کە ڕێژیم لە پایتەختیش دەگەڵ شکست و پاشەکشەی هێزەکانی بەرانبەر بە خەڵک ڕووبەڕوو بوو، بۆیە زۆر جاران لە چەکداری بیانی کەڵکی وەرگرتووە بە گوێرەی هەندێ قسەی چالاکانی مەدەنی نێوخۆ و دەرەوە.

چوارەم، درێژەکێشانی شۆرشی ژینا وای کرد کە بەتەواوی هێزە ئینتیزامییەکان لە زۆر شار و ناوچە لە ئاست ئازایەتی و بوێریی خەڵک دەست بەردەنەوە و لە سەرکوتی خەڵک خۆ بپارێزن و نموونەی دیاریش لە مەهاباد و تەورێز کە ئەو هێزانە لە تەورێز بەئاشکرا دەگەڵ سەفی خۆپێشاندەران کەوتن. هەربۆیەش ئیدی ڕێژیم وەک دوایین تیری نەجات ئێستا سپای پاسدارانی و هەندی چەکداری کرێگرتەی بەگژ خەڵکدا کردووە. دیارە ئەو سپایەش جگە لە هەندێ کادری دیار کە بەرژەوەندیی سەداسەدیان دەگەڵ ئەو نیزامەیە، بێگومان ئەوانی دیکە بە تایبەتی سەرباز و دەرەجەداری پلەخوار لە ئەگەری درێژە کێشانی ئەو خۆپێشاندانانەدا وەک هێزە ئینتیزامیەکانیان لێ دێ و ئامادە نابن ڕووبەڕووی خەڵک ببنەوە. بۆیەشە لە زۆریەک لە خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەکاندا بۆ سەرکوتی خەڵک سەرهەنگ و ئەفسەرە پلە باڵاکانی سپاس بەشداری ڕاستەوخۆ دەبن و وەک دەشبینین هەر لە خۆپێشاندانەکاندا تا ئێستا چەندین بەرپرسی پایەبەرزی سپا و ئیتلاعاتی سپا کوژراون؛ ئەوەش ڕاستیی ئەو بۆچوونە پشتراست دەکاتەوە.

 پێنجەم و، خاڵی یەکجار گرینگ بەپێی قاعیدەی هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکان لە مێژوودا و لە ئێرانیش ئەو خاڵەیە کە درێژەکێشانی شۆڕش درز و دەخاتە نێو هێزە سەرکوتکەرەکان و تا ئە شۆڕشە درێژە بکێشی ئەو درزە گەورەتر دەبێتەوە و سەرئەنجام وەک هەموو شۆڕشێک ئەو هێزانە ماندوو و شەکەت و بێ‌ئیرادە دەبن و ڕەگەڵ خەڵک دەکەون، بۆیە زۆر گرینگە لەو خۆپێشاندانانەدا لەجیاتی ئەوەی هەموو کات هەر لە بەرانبەر هیزی سەرکوتدا ڕاوەستی، هەندێ دروشمی دیکە بدەینەوە کە بتوانێ لە باری ڕوحی و ڕەوانییەوە کار لەسەر هێزە سەرکوتکەرەکان بکا تا لە سەرکوتی خەڵک کەم بێتەوە و لە ئاکامدا ئەو هێزانە ڕەگەڵ خەڵک کەون. بۆ نموونە زەمانی شا خۆپێشاندەر گوڵیان دەدا بە هێزەکانی ڕێژیم، دروشمیان دەدا: "برای ئەرتەشی بۆ دەکەی براکوژی."

 ئەو شۆڕشە بێجگە لەو خاڵانەی سەرەوە وای کردووە دنیای دەرەوە بە گشتی هاوسۆز وهاودەنگ بێ دەگەڵ ناڕەزایەتییەکان و ئێستا لە ڕاگەیاندنی هەموو جیهاندا و لە سیاسەتی دەرەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەمریکا و ئورووپادا پشتگیری ناڕازییان و خۆپێشاندەران و دژایەتیی ئەو ڕێژیمە فاشسیستیە بەئاشکرا دەبیندرێ. هەر بۆیە درێژەکێشانی ئەو خۆپێشاندانە گومانی نەهێشتوەتەوە کە ئەو ڕێژیمە دڕندەیە بۆ هەمیشە لەبەر یەک هەڵدەتەکێنێ و بە لە نێوچوونی ئەو ڕێژیمەش مێژوو پەراوێک بۆ یەک لە دیکتاتۆڕترین سیستەمەکان دەکاتەوە.