کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەی کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست: پشتیوانی لە هەنگاوەکان و داواکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەرتری نێونەتەوەیی دژی ئێران دەکەین

19:01 - 6 سەرماوەز 2722

ئاماژە: لە ڕۆژی سێهەم و کۆتایی بیست و شەشەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست‌دا کە لە مادرید، پێتەختی وڵاتی ئیسپانیادا بەڕێوە چوو، بڕیارنامەیەک لەپێوەندی لەگەڵ بارودۆخی ئێراندا پەسند کرا. لە ڕەوتی پەسندکرانی ئەو بڕیارنامەیەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ٦ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤامبر) تاوتوێ کرا، سەرەتا مەولوود سوارە، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی کاروباری حیزب لە ڕێکخراوی ئەنترناسیۆنال سۆسیالیستدا شیکارییەکی دۆخی کورد لە ئێران و ڕاپەڕینی سەرانسەریی ئێستای لەو وڵاتە کرد و دواتر بڕیارنامەکە بە تێکڕای دەنگی بەشدارانی کۆنگرە پەسند کرا.

دەقی بەیاننامەکە:

بڕیارنامە لەسەر بارودۆخی کوردی ئێران

کۆنگرەی بیست و شەشەمی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست

مادرید، ئیسپانیا، ٢٥-٢٦-٢٧ی نۆڤەمبەر، ٢٠٢٢

ئینترناسیۆنال سۆسیالیست توندوتیژیی دەوڵەتی ئێران مەحکووم دەکات و هاوپشتیی خۆی لەگەڵ خۆپیشاندەران دەردەبڕێ

پتر لە دوو مانگە خۆپیشاندانی جەماوەری لە ئێران بەڕێوە دەچن. جووڵانەوەکە بە کوژرانی کیژێکی لاوی کورد، ژینا (مەهسا) ئەمینی، بە هۆی لێدانی گەشتی ئیرشاد لە تاران، دەستی پێ کرد. خۆپیشاندانەکان بە سەرانسەری وڵاتدا بڵاو بوونەوە و زۆربەی لایەنەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی، لەنێوخۆ و دەرەوە، لە ڕاپسکانێکی بێوێنەی هاوپشتیدا، تێکەڵاوی جووڵانەوەکە بوون.

ڕێژیمی ئێران لەجیاتی بەرێوەبردنی لێکۆڵینەوەی شیاو و لێپێچینەوە لە بکوژانی ژینا ئەمینی، پەنای بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران بردووە. بەو هۆیەوەش سەدان خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش بریندار یان دەستبەسەر کراون.

سەرکوت لە ناوچەکانی جێی نیشتەجێبوونی نەتەوە و کەمینەکان، وەک کوردستان و بەلووچستان، تەنانەت توندتریش بووە. بێجگە لەوە، بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی ڕای گشتی لە ڕووداوەکانی نێوخۆی ئێران و تێکدانی یەکیەتیی نێوان ئێرانییەکان، کۆماری ئیسلامی دەستی داوەتە کەمپەینێکی بۆمبارانی بنکەکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لەبەر ئەوە کە ئەو هێرشانە کەمپی پەنابەرانی سیاسیی کوردی ئێران و قوتابخانەکانیانی کردوونە ئامانج، لە نێو کوژراو و بریندارەکاندا ڕێژەیەکی زۆر ژن و منداڵ دەبیندرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، حیزبە کوردییەکانی ئێران، ئەگەرچی پشتگیری لە خۆپیشاندانی هێمنانەی جەماوەر دەکەن، لەو ماوەیەدا بیریان لە هیچ چالاکییەکی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی نەکردۆتەوە.

لە کاتێکدا هۆی دەستپێکی جووڵانەوەکە دربڕینی ناڕەزایەتی دژی سنووردارییەکانی سەپێندراو لەلایەن ڕێژیمەوە بەسەر ژنانەوە بووە و ژنان هێشتا پێشڕەوی جووڵانەوەی ناڕەزایەتین، داواکارییەکانی خۆپیشاندەران گەلێک گشتگیرتر و ڕادیكاڵترن. ئەوان بۆ مافەکانی مرۆڤی خۆیان و ئازادییە بنەڕەتییەکان خەبات دەکەن. لە ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ حاشا و سەرکوتی ڕێژیم، ئێرانییەکان داوای گۆڕانی ڕێژیم و هاتنەسەرکاری ڕێژیمێکی دێموکڕاتیک دەکەن، کە نوێنەری هەمووان بێ و ڕێز لە مافە ڕەواکانی هەموو خەڵکەکە بگرێ.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، بوێریی ئێرانییەکان و خۆڕاگرییان لە خەباتی یەکگرتووانە بۆ ئازادی و دێموکڕاسیدا بۆتە هۆی پەرەگرتنی ستایش و هاوپشتیی نێونەتەوەیی بێ‌وێنە، کە بۆتە هۆی هێندێک هەنگاوی کردەیی بە مەبەستی زەخت خستنەسەر ڕێژیمی ئێران و پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای ئێرانییەکان.

ئینترناسیۆنال سوسیالیست پشتیوانی لە هەنگاوەکان و داواکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەرتری نێونەتەوەیی دەکات.

بە دووپات‌کردنەوەی هەڵوێستمان لە لێدوانی پێشوودا، ئینترناسیۆنال سۆسیالیست کردەوە توندوتیژانەکانی بەڕێوەچوو لەلایەن هێزەکانی ئێران، لە نێویاندا دژی کوردانی ئێران مەحکووم دەکات و، هاوپشتیی خۆی لەگەڵ خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان کە خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی دەکەن ڕادەگەیەنێت. بە تایبەتی، ئینترناسیۆنال سۆسیالیست پشتیوانی تەواوی خۆی لە دوو حیزبی سەرەکیی کوردی ئێران کە ئەندامی بنەماڵەی ئینترناسیۆنال سۆسیالیستن، واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لە خەباتی بەرپرسیارانەیاندا بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە ئێران و هێنانە کایەی چوارچێوەیەکی دێموکڕاتیکی سیاسی لە ئێران، ڕادەگەیەنێت.