کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق: پێشێلکردنی سەروەریی خاكی وڵاتەکەمان لەلایەن ئێران و تورکیەوە قەبووڵ ناکرێ

10:31 - 7 سەرماوەز 2722

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێ: کومیتەیەکمان پێکهاتوو لە بەرپرسانی بەغدا و هەرێمی کوردستان، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو و ڕاوەستانی هێرشەکانی ئێران و تورکیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان پێکهێناوە.

قاسم ئەلعەرجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ڕۆژی، یەکشەممە ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی"ڕووداو"، سەرەڕای وتنی ئەوەیکە بەغدا بە هیچ جۆرێک پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی لەلایەن ئێران و تورکیەوە قەبووڵ ناکات وتی: ڕۆژی سێشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆ دەبێتەوە و زۆر بەڕوونی لەسەر پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق لەلایەن ئێرانەوە قسە دەکا.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان چەندین جار لەلایەن ڕێژیمی ئێران و تورکیەوە هێرشی کراوەتە سەر و بنکە و بارەگا و شوێنی نیشتەجێبوون و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە کۆیە، سلێمانی و هەولێر کراونەتە ئامانج.