کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: جووڵانەوە بۆ گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران دەبێ پابەند بێ بە ئازادی، یەکسانیی ڕەگەزی، سێکۆلاریزم و دێموکڕاسی

11:56 - 7 سەرماوەز 2722

(دەقی قسەکانی مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات لە بیست و شەشەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست‌دا)

بەڕێزان!

ئێمە بە چەند هۆ شاهیدی سەرهەڵدانێکی بێ‌وێنە لە ئێرانین.

یەکەم، خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە لە پتر لە ٣١ پارێزگای وڵات بەڕێوە چوون. لە کاتێکدا کە بە میلیۆنان خەڵک بەشداری خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩ (١٣٨٨ی هەتاوی) بوون، بەڵام ئەوان بە شارە گەورەکانەوە بەسترابوونەوە. ڕێبەرانی جووڵانەوەی سەوز وەفادار بە رێژیم بوون و داوای ئاڵوگۆڕی بنەڕەتییان نەدەکرد، چ بگات بە گۆڕینی ڕێژیم. لەبەر ئەو هۆیە، جووڵانەوەی سەوز مەحکوم بە شکست بوو، و قەت نەبوو بە جووڵانەوەی زۆرینەی خەڵک لە ئێران.

دووهەم، و گرینگتر، خۆپیشاندەران ئێستا داوای گۆڕینی ڕێژیم دەکەن. بۆیە سەرهەڵدانی ئەو دواییانە جیاواز و جێگای دڵخۆشییە. سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەتنیک، ئایین، تەمەن و زایەند، چالاکانە بەشداری سەرهەڵدانەکەن. ژنان، لاوان و کەمینە نەتەوەییەکانیش پێشڕەوی سەرهەڵدانەکە بوون.

سێهەم، ڕزگاریی ژنان، ژیانی شکۆمەندانە و ئازادی لە جیات هەر دوورەدیدێکی ئایدیۆلۆژیکی نەریتیی ئێرانییەکانی لە هەوڵ بۆ گۆڕینی رێژیم یەک خستووە. ئەو سەرهەڵدانە پێشکەوتنخوازانەیە و ئامانجەکانی لە بایەخەکانی دێموکراسییەکانی ڕۆژاوایی و جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دایە.

چوارەم، یەکگرتووییەکی سەرەتایی لەنێو کەمینە ئەتنیکییەکانی ئێران سەری هەڵداوە، سەرەڕای سیاسەتی دەیان ساڵەی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ نانەوەی دوژمنایەتی لەنێوان فارس، کورد، عەڕەب، توک و بەلووچاندا. بە تایبەتی، ئێمە شاهیدی دەربڕینی هاوپشتی دەگەڵ گەلی کورد و خەباتەکەی بۆ ئازادی لە ناوچە ناوەندییەکانی وڵاتین.

پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە، کە ئەو سەرهەڵدانە لە کوردستانی ئێران، دوای کوژرانی کچەکورد، ژینا (مەهسا) ئەمینی دەستی پێ کرد. مەرگی کارەساتباری ژینا بەجوانی یەکتربڕینی نێوان سەرکوتی ژنان و کەمینە نەتەوەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد.

حیزبی ئێمە و حیزبە سیاسییە کوردییەکانی دیکە دەوری سەرکییان لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی کوردستاندا گێڕا، کە دواتر بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران پەرەیان ئەستاند.

بەڕێزان!

ئەو سەرهەڵدانە وێدەچێ دەستپێکی شوڕشێکی دیکە، لە شێوەی شوڕشی ١٩٧٩ (١٣٥٧ی هەتاوی) بێت.

ئێمە، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، ماوەیەکی دوورودرێژە چاوەڕوانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیمان کردووە. ئێستا ئێمە زۆرتر لە پێشوو دڵنیاین کە ڕێژیمی ئیسلامی بە شیوەیەک لە شێوەکان تێک دەڕووخێت. بەکورتی، من دەمهەوێ سەرنجی ئێوە بۆ ئەو فاکتەرانەی خوارەوە ڕاکێشم تا شیی بکەمەوە بۆچی خەڵکی ئێران داوای گۆڕانی ڕێژیم دەکەن:

یەکەم، ڕیژیمی ئیسلامی لەگەڵ تێپەڕینی کات بۆتە هەڵاواردنکار و سەرکوتکار. تەنانەت وەفادارانی ڕێژیم پەراوێز دەخرێن. لە نێوەڕاستەکانی نەوەدەکانی زایینییەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنە ساختەکانی ڕێژیمدا بەشدار دەبوون و بە هیوای ئاڵوگۆڕ لەنێو ڕێژیمدا دەنگیان بە بەناو ڕێفۆرمخوازەکان دەدا. بەڵام، بەناو ڕێفۆرمخوازەکان وەفادارانی ڕێژیم بوون کە لەجیاتی ئاڵوگۆڕ لە کۆماری ئیسلامی خوازیاری پاراستنی ڕێژیم بوون. ئێمە لە نەوەدەکانی زاینییەوە لەو بارەوە هۆشداریمان داوە. وردە وردە، خەڵک لەناوخۆی ئێران تێگەیشتن کە ئەو ڕێژیمە بۆ چاکسازیی نابێ.

دووهەم، سیاسەتی تێکدەرانەی ناوخۆیی و دەرەوەی ڕێژیم بووە هۆی قووڵتر بوونەوەی قەیرانە سیاسی، ئابووری و ژینگەییەکان کە وڵات بەرەوڕوویان بۆوە. لە کاتێکدا کە هەژاریی و بێکاری پەرەی ئەستاندووە، گەندەڵی بۆتە پەتایەک لە کۆماری ئیسلامیدا، پشتیوانیی دارایی ڕێژیم لە میلیشیا جۆراجۆرەکان و تاقمە تێرۆریستییەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، لە نێویاندا ڕێژیمی مرۆڤکوژی بەشار ئەسەد، بۆتە هۆی ناڕەزایەتیی جەماوەری. هاوکات بەرنامەکانی ناوکی و هاژەکیی ڕێژیم و هەروەها پشتیوانیی لە تێرۆریزم بوونە هۆی گەمارۆی ناونەتەوەیی.

سێهەم، لەگەڵ وشیار بوونەوەی خەڵکی ئێران لەو ڕاستییە کە کۆماری ئیسلامی نەتەنیا خۆشبژیویی و ئاسایشی ئەوان پاشگوێ دەخات، بەڵکو بەکردەوە بۆتە هەڕەشە بۆ سەر خۆشبژیویی و ئاسایشیان، ئەوان لە هێنانە گۆڕی داواکارییەکانیاندا  لێبڕاوانەتر بوون و بێ‌تاقەتیی ئەوان لەمەڕ دۆخی هەنووکەیی پەرەی ئەستاند. ئەگەرچی ڕێژیم وەبەرهێنانی بەرچاوی لە مێشک‌شۆردنەوەی جیلەکانی دوای شۆڕش بە بۆچوونەکانی ئیسلامیی کردووە، ئەوان بە کردەوە بوونە دژی ئیسلامی. ژنان و کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران بە شێوەی سیستماتیک سەرکوت دەکرێن. ڕاشکاوانە بدوێم، جیلی لاو لە ڕێژیم وەڕەز بووە و دەیهەوێ ژیانی خۆی بۆ گەیشتن بە ئازادیی لەمەترسی هاوێ. بەکورتی، لە هەر ڕوانگەیەکەوە، ڕێژیمی ئیسلامی شکستی خواردووە و ئاسەواری ئەو سیاسەتە وێرانکەرانە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێراندا هەستی پێ دەکرێت. لەبەر ئەو هۆیە، ئێمە نابێ لە داوای خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی ڕێژیم سەرمان سوڕ بمینێ.

ئێمە هیوادارین تێکڕمانی ڕێژیم هێمنانە بێ. ئێمە کەتوارگەراین و پێمان‌وایە ئەو ڕێژیمە تا کۆتایی کەڵک لە توندوتیژی وەر دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە بەشێک لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان سەرپێچی لە بەکارهێنانی هێزی کوشندە دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز دەکەن. ئێمە هیوادارین هێزە چەکدارەکان لە کۆتاییدا واز لە ڕێژیمی ئیسلامی بێنن و تێکەڵی خەڵک بن.

بۆ پێشگرتن بە دووپات بوونەوەی هەڵەکانی پێشوو، ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە سەرهەڵدانی جووڵانەوە بۆ گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران دەبێ پابەند بێ بە ئازادیی، یەکسانیی ڕەگەزی، سێکولاریزم و دێموکڕاسی. بێ ئەرکداریی بەرانبەر بە دێموکڕاسی و دامەزراندنی ئۆپۆزیسیۆنێکی گشتگیر، بە داخەوە مێژووی سیاسی ئێران فێرمان دەکات کە مەترسی بە بارمتەگیرانی شۆڕش بۆ ئازادی دەتوانێ لە لایەن هێزە دژە دێموکراتیکەکان بە بارمتە بگیرێت. ئەوە شتێک بوو کە لە ١٩٧٩(١٣٥٧ی هەتاوی)، کاتێک ئیسلامییەکان دیکتاتۆریی ئیسلامییان بە سەر ئێراندا سەپاند، قەوما.

ئەوە لە پێش هەموو شتێکدا ئەرکی ئێمە ئێرانییەکانە کە دڵنیا بین شۆڕشی داهاتوو پارێزەری ئازادی و دێموکڕاسی بێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە پێویستیمان بە پشتگیریی سیاسیی دێموکراسییە ڕۆژاواییەکانە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێشکەوتنخوازانە.

بەڕێزان!

ڕێگام بدەن، وەک ڕێبەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، بە ئاگاداریی ئێوە بگەیەنم کە حیزبی ئێمە لە ١٩٤٥ (١٣٢٤ی هەتاوی) بەو لاوە بۆ دێموکراسی لە ئێران و خۆبەڕیوەبەریی گەلی کورد خەباتی کردووە. ئێمە، بە پێچەوانەی تەبلیغاتی کۆماری ئیسلامی، بە تەمای دابەش کردنی ئێران نین.

دیدی دووری ئێمە بۆ داهاتووی ئێران دێموکڕاسییەکی سێکولار، دێموکڕاتیک و فێدڕاڵە کە لەویدا سەروەریی یاسا جێبەجێ دەکرێت و کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران، کە بە یەکەوە نیوەی حەشیمەت پێک دێنن، لە ناوچەکانی خۆیاندا خۆیان بەڕیوە دەبەن. لە ڕوانگەی سیاسەتی دەرەوە، ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئێران دەبێ لەگەڵ دراوسێکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاشتی بژی و پەیوەندیی بنیاتنەری دەگەڵ دێموکراسییەکانی سەانسەری دنیا هەبێ، بە تایبەتی دێموکڕاسییەکانی ڕۆژاوایی. بۆ وەدیهاتنی دیدێکی دووری ئەوتۆ، پێویستە ئێران دەگەڵ خۆی بە ئاشتی بژی. بێ ئازادی، سێکۆلاریزم، دێموکڕاسی و سیستەمێکی فێدڕاڵ کە ڕەنگدانەوەی فرەڕەنگیی ئێران بێ، گەیشتن بە ئاشتی لە نێوخۆ و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست مومکین نییە، چ بگا بە پەیوەندیی بونیاتنەرانە دەگەڵ دنیای ڕۆژاوا.

ئێمە داوا لە وڵاتە دێموکڕاتیکەکان دەکەین تا هەنگاوی بە کردەوە بۆ پشتیوانیی لە سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران هەڵگرن. ئەوان دەبێ ئۆپۆزیسیۆن لێک نزیک بکەنەوە. ئەوان دەبێ دەست بە دیالۆگ لەگەڵ هێزە دێموکڕاتیکە کوردییەکان بکەن و یارمەتییان بدەن.

وڵاتانی دێموکڕاتیک دەبێ دەستبەجێ هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێ کردنی دەستڕاگەیشتنی جێگای متمانەی خەڵکی ئێران بە ئینتەرنێت هەڵێنن. گەمارۆی ئامانجدار دژی ڕێژیم دەبێ بەردەوام بن و پەرەیان پێ بدرێ.

ڕێککەوتنی ناوکی کە خەریکە دەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتووێژی لەسەر دەکرێ تەنیا بە قازانجی ڕێژیمی ئیسلامییە، هەر وەک چۆن دیتمان کاتێک زلهێزە ڕۆژاواییەکان لە ٢٠١٥ (١٣٩٤) دەگەڵ ئێران گەیشتنە ڕێککەوتن، سوودە ئابوورییەکانی ڕێککەوتنی ناوکی پێشوو بۆ گەشە پێدانی بەرنامە سەربازییەکان کەڵکی لێ وەر گیرا، وەک بەرنامەی هاژەکی و بەهێزتر کردنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و لایەنەکانی دیکە کە خەڵکی ئێران سەرکوت دەکەن، هەروەها بۆ پشتیوانی دارایی لە تاقمە تێرۆریستییەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

لەبەر ئەو هۆیە ئێمە داوای ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی ڕۆژاوا بەرانبەر بە ئێران دەکەین. لە جیاتی پێشتریەتیدان بە پرسی ناوکی، دێموکڕاسییەکانی ڕۆژاوا دەبێ پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و دێموکڕاسی بکەن. ئەوە تەنیا بە گۆڕانی ڕێژیمە کە ڕێگاچارەیەکی ئاشتییانە و بەردەوام بۆ پرسی ناوکی دابین دەبێ. ئێران تەنیا ئەو کاتە کۆتایی بە ناسەقامگیر کردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دێنێ کە خاوەنی دێموکڕاسی بێ.

بەڕێزان!

پشتیوانی لە دێموکڕاسی لە ئێران نەتەنیا لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە ڕەوایە؛ بەڵکو سیاسەتێکی وشیارانەشە!

سوپاس بۆ سەرنجدانتان.