کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سێ ئەندامی حیزبوڵڵای بە تۆمەتی "گواستنەوەی پارە لە ئێرانەوە" خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

10:59 - 17 خەزەڵوەر 2725

ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەزەڵوەر سێ ئەندامی حیزبوڵڵای خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە کە بە گواستنەوەی پارە بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا تۆمەتبار کراون.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ''ئەم کارە بە ئامانجی پشتیوانی لە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا ئەنجام دراوە.''

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، ئەو کەسانە بە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دەیان میلیۆن دۆلار لە ئێرانەوە بۆ حیزبوڵڵا لە ساڵی ٢٠٢٥ لە ڕێگەی سەڕافییەکانەوە تۆمەتبارن".

بەپێی ئەو گەمارۆیانە، دەست بەسەر سەرجەم موڵک و سەروەت و سامانی ئەو کەسانەدا لە ئەمریکادا دەگیرێت و هەر مامەڵەیەکی ئابووری لەگەڵیاندا ئەنجام بدرێت، سزای لێدەکەوێتەوە.

وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە حیزبوڵڵا لەم پارەیە بۆ پاڵپشتی ئەندامەکانی و بنیاتنانەوەی ژێرخانەکانی ئەو گرووپە و بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی دەوڵەتی لوبنان بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی سەروەریی خۆی بەسەر هەموو خاکی لوبناندا کەڵک وەردەگرێت.

جان هێرلی، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە کاروباری تێرۆر و هەواڵگریی دارایی، وتی: ''لوبنان دەرفەتی ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئەمنییەتی هەیە، بەڵام ئەمە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێت ڕوو بدات کە حیزبوڵڵا بە تەواوی لە چەک دابماڵدرێت و بوودجە و کارتێکەریی ئێران ببڕدرێت.''