کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵێنی نوێ بۆ نەخۆشخانەی ٥٥٠ تەختی کرماشان؛ پڕۆژەیەک کە هەشت ساڵە دوا کەوتووە

10:56 - 17 خەزەڵوەر 2725

لەکاتێکدا کە نزیک بە هەشت ساڵ بەسەر دەستپێکردنی دروستکردنی نەخۆشخانەی ٥٥٠ تەختی لە کرماشاندا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکە بەرپرسان بەڵێنیان داوە کە تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە خێراتر بکەن.

ئەم نەخۆشخانەیە کە لە ساڵی ١٣٩٥دا لەسەر ڕووبەری ٦٠ هەزار میتری چوارگۆشە دەست بە دروستکردنی کراوە بڕیارە وەک ناوەندێکی پزیشکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناسرێت، بەڵام تا ئێستا تەنیا بەشێک لە پێکهاتەکەی تەواو بووە.

پارێزگاری کرماشان بە ڕەخنەگرتن لە پرۆسەی خاوی بیناسازی، بەڵێنی داوە کە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا ئەو پڕۆژەیە تەواو بکات، بەڵێنێک کە لەژێر ڕۆشنایی ئەزموونی ساڵانی ڕابردوودا بە گومانەوە سەیری دەکرێت.

کێشەی بوودجە، لاوازیی بەڕێوەبردنی جێبەجێکردن و نەبوونی چاودێرییەکی تۆکمە وەک هۆکاری سەرەکی بۆ دواکەوتنی ئەم پڕۆژەیە ئاماژەیان پێ کراوە.

لەکاتێکدا کە تا ئێستا ٢٧٠ میلیارد تمەن خەرج کراوە و ٢٤٠ میلیارد تمەنی دیکەش هێشتا پێویستە، دیار نییە ئەو سەرچاوە داراییە بەڵێندراوە لە کوێوە و بە چ گەرەنتییەک دابین دەکرێت.

ئەم پڕۆژەیە نموونەیەکی ڕوونی گەڵاڵە میللییەکانە کە لە هەوراز و نشێوی بەڵێن و کۆبوونەوە ئیدارییەکاندا گیری خواردووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە خەڵکی ناوچەکە هەروا لە بەدەست نەبوونی بنکەی تەندروستیی دەروەستەوە دەناڵێنن.