کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پووچەڵکرانەوەی پیلانی تێرۆری باڵیۆزی ئیسرائیل لە مێکزیک

11:53 - 17 خەزەڵوەر 2725

سەرچاوە ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەنیازی تێرۆرکردنی ''عەینات کرانتز-نایگر'' باڵیۆزی ئیسرائیل لە مێکزیک بووە و لە هاوینی ئەمساڵدا پیلانەکە پووچەڵ کراوەتەوە.

ماڵپەڕی ''ئاکسیۆس'' بڵاوی کردەوە، ئەو عەمەلیاتە لەلایەن یەکەیەکی سپای قودسەوە بە ناوی یەکەی ''١١٠٠٠'' پلانی بۆ دانرابوو کە پێشتر لە ئورووپا و ئوسترالیا لە پلانی هاوشێوەدا بەشدار بووە.

 بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ئامانجی ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران، پەرەدانی تۆڕی عەمەلیاتە بەربڵاوەکانی لە ئەمریکای لاتین بووە.

لە بەرامبەردا باڵیۆزخانەی ڕێژیمی ئێران لە مێکزیک ئەو تۆمەتەی بە "هەڵبەستنی میدیایی و درۆیەکی گەورە" ناو برد و ڕایگەیاند، مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەتە تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مێکزیک بووە.

تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی بۆ ئەم ئیدیعایە نەخراوەتە ڕوو. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بۆ هاوکارییە ئەمنییەکان سپاسی دەوڵەتی مێکزیکی کرد و وتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و دەستوپێوەندییەکانی بەردەوام دەبن.

پێشتریش بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا هۆشدارییان دابوو کە کۆماری ئیسلامی بۆ عەمەلیاتی سنووربەزاندن لە ئەمریکای لاتین تۆڕی هەیە و خاکی ڤێنزۆئێلا وەک بنکەیەکی لۆجستی بەکار دەهێنێت.

دەزگا ئەمنییەکانی بریتانیا و سوید ساڵی ڕابردوو هۆشدارییان دابوو کە تاران لە باندی تاوانکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشی توندوتیژانە لەو وڵاتانە کەڵک وەردەگرێت و لەندەن ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە ٢٠ پیلانی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانی پووچەڵ کردووەتەوە.