بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی ڕێژیم زیاتر لە ٢٣ پێدەشت لە ناوچەکانی کرماشان قەیرانی جیددیی بێئاویان هەیە و پاشەکەوتی ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە لە نیوە کەمترن و ئەگەری وشکبوونی یەکجارییان زۆرە.
بەهرام دەروێشی بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی ئاوی ناوچەیی کرماشان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "فارسـ"ـی ڕێژیم لە کرماشان بە ئاماژەدان بە دۆخی قەیراناویی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو پارێزگایەی کوردستان وتوویەتی: "ڕۆچوونی زەوی لە ناوچەکانی وەکوو حەسەن ئاوا و هەشیلانی شاباد دەبیندرێت و بە سەرنجدان بە بەدواداچوونەکان، مەترسیی ڕۆچوونی زیاتری زەوی لە دەشتەکانی کرماشان لە ئارادایە".
بە گوێرەی قسەکانی "دەروێشی" ڕێژەی پاشەکەوتی ئاوی ١٣ی بەنداوی پارێزگای کرماشان دڵخۆشکەر نییە و ئاستی چەندایەتیی ئاوی ئەو بەنداوانە لە نیوە کەمترن و بە کۆی گشتی، هەر ١٣ بەنداوەکە کەمتر لە یەک میلیارد و ٤٠٠ میلیۆن لیتری سێجا پاشەکەوتی ئاویان تێدایە و ئەو دۆخەش زۆر مەترسیدارە".
ناوبراو بە ئاماژەدان بە وشکەساڵییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو وتوویەتی: "کەمیی بارانەکان بە ڕێژەی ٣٥٤ میلی لیتر لە ساڵەکانی ١٤٠٣ و ١٤٠٤ لەو پارێزگایە، پاشەکەوتی ئاوی بەنداوەکان گەیاندووەتە ٢ میلیارد لیتری سێجا".
هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە ئەگەر ڕەوتی کەمئاوی و بێئاوی بەردەوام بێت بێجگە لە کێشەی دابینکردنی ئاو لە کارگە پێشەسازییەکان، کەرتی بەرهەمهێنان و کشتوکاڵ، ئاوی خواردنەوەی شاری کرماشان تووشی قەیرانی جیددی دەبێتەوە.
دروستکردنی بەنداوی ناستاندارد، نەبوونی کاناڵەکانی ستانداری ئاو و کەمیی پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی تایبەت بەو بەشە، لەو هۆکارانەن کە کوردستانی لەگەڵ کێشەی کەمئاوی و بێئاویی بەرەوڕوو کردووەتەوە.
سەرەڕای هۆشدارییەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکان، کارناسانی ژینگەییی نێوخۆی ئێران و هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم لەمەڕ قەیرانی ئاو لە ئێران، باس لەوە دەکەن کە ئەو قەیرانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەترسیدارتر دەبێت و تەنانەت خەڵکی کوردستان چەندین جار لەو پێوەندییەدا خۆپیشاندانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەبێ لەبەرچاوگرتنی داهاتووی نەتەوەکانی ئێران، تەنیا خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ناوەندی ئێرانە و ئامادەن بۆ ڕزگارکردنی ناوچە فارسنشینەکانی ئێران، ناوچەکانی دیکە لەنێو ببەن.
سەرەڕای بوونی قەیرانی ئاو لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم ئاوی شارەکانی کوردستان بۆ شارە فارسنشین و ناوەندییەکانی ئێران ڕادەگوێزن.