وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە پێداگریی لەسەر پشتیوانیی وڵاتەکەی لە دەوڵەت و ئەرتەشی لوبنان بۆ چەککردنی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان کردووە.
پاسکاڵ کانفاڤێرۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەرەڕای پێداگری لەسەر پاشەکشێی ئیسرائیل لە پێنج ناوچەی دیاریکراو لە لوبنان، پشتیوانیی وڵاتەکەی لەمەڕ چەککردنی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای سەر بە ڕێژیمی تاران دووپات کردەوە.
کانفاڤێرۆ لە وتووێژێکدا لەگەڵ "ئەلعەرەبییە" باسی لەوە کردووە کە چەککردنی حیزبوڵڵا پێئەسپێردراوێکی دژواری ئەرتەشی لوبنانە و پێویستی بە هەوڵی بێوچانی ڕۆژانە هەیە و فەرانسە بە تەواوەتی پشتیوانی لەو هەوڵەی دوڵەت و ئەرتەشی لوبنان دەکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە پاریس بەشێوەی تەواو پشتیوانیی خۆی لە دەوڵەتی لوبنان لەهەمبەر "گەڵاڵەی ٥ی سێپتامبر" دووپات کردووەتەوە کە پێوەندیی بە سەقامگیرکردنی هێزە چەکدارەکانی لوبنان لە ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە و دەسەڵاتداریی تەواوی لوبنان بە سەر ئەو ناوچانەدایە.
ئەو بەرپرسەی دەوڵەتی فەرانسە ئاماژەی بەوە داوە کە سەقامگریی لوبنان لە ڕێگەی چەککردنی حیزبوڵڵا، پاشەکشێی ئیسرائیل لە ناوچە باشوورییەکانی لوبنان و جێگیربوونی هێزەکانی ئەرتەشی ئەو وڵاتە لەو ناوچانە گرنگییەکی زۆری بۆ فەرانسە هەیە.
ئەو لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر گرووپی حیزبوڵڵا لە ناوچەکانی باشووری لوبنان چڕتر کردووە و بەو هۆیەوە زۆربەی ژێرخانی سەربازی و فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی تارانی کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆری پێ گەیاندوون.