
عومەر باڵەکی
بەرێزان!
ڕێگام بدەن لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبەوە بەخێرهاتنی هەموو لایەکتان بکەم. ئەمرۆ لێرە کۆ بووینەوە بۆ ئەوەی پەردە لەسەر نوێترین کاری بەشی چامەنی ڕاگەیاندنی حیزب، کتێبی "هەشتا ساڵ خەبات لەپێناو ڕزگاری"دا لابدەین کە بە هەوڵ و هیممەتی هاوڕێیانی چاپەمەنی گەیوەتە بەرهەم. لە ڕاستیدا ئەوە بەخۆهەڵدان نیە کە بڵێین باسکردن لە خەباتی ٨٠ ساڵەی حیزبی دێموکرات شایانی ئەوە بوو گەورەترین ڕێورەسمی بۆ پێک بێ و بە دەیان کتێب و لێکۆڵێنەوەی ئاکادیمیکی لەسەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی مێژووی ئەو حیزبە بنووسرێ. بەڵام بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە لەو هەلومەرج و بارودۆخەدا بواری زۆر شتی نەداین؛ بەو حاڵەش ئەوەی لەدەست هات بۆ ڕێزگرتن لەو یادە پیرۆزە کرا کە یەکێک لەو کارانە دەرکردنی ئەو کتێبەیە کە ئەمرۆکە دەمانەوێ بیخەینە بەر دەستی خوێنەرانی بەرێز.
بەرێزان! کاتێک چاو بە لاپەرەکانی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا دەخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە گرینگیی زۆری داوە بە چاپ و بڵاوکردنەوە داوە. حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە دەرکی بەو ڕاستییە کردوە کە کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار ئەو بایەخەیان هەیە سەرنجی تایبەتیان پێ بدرێ، چونکە لە هەموو ڕوویەکەوە یارمەتی بە گەشەکردنی بیر و هزری کۆمەڵگە دەدەن و دەبنە هۆکار بۆ کردنەوەی دەروازیەکی نوێ لە زانست و زانیاری بە ڕووی تاک تاکی ئەندامانی کۆمەڵگە و گەشەکردنی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە. ئەو تێڕوانین و بیرکردنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە خوێندنی بە زمانی کوردی و کردنەوەی ناوەندی زانستی، کتێبخانە و قەرائەتخانە، چاپی ڕۆژنامە، کتیب و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی لەو چەشنە یارمەتیدەری پەرەپێدانی زانست و شارستانیەت دەدەن، هەشتا ساڵ لەوە پێش لە فەسڵی سێهەم مادەکانی ١٣و١٤ی مەرامنامەی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە و لەوکاتەوە هەتا ئێستا حیزبی دێموکرات هەوڵی داوە پەرە بەو ئامانجە بدا. بۆیە دەبینین لە قۆناخە جیا جیاکانی ژیانی خەباتکارانەی حیزبی دێموکراتدا هەموو کات بەپێی بارودۆخی گونجاو بەشی ڕاگەیاندنی حیزب بە کەرەسەی زۆر سەرەتایی هەوڵی داوە جگە لە ڕۆژنامەی کوردستان و بڵاوکراوە حیزبییەکانی دیکە بە بەردەوامی کتێب لە بواری جۆراوجۆردا چاۆ بکا و بیانخاتە بەر دەستی خوێنەران کە بە خۆشییەوە ژمارەیان لە دەیان تێپەڕیوە.
بەشی چاپەمەنی بەو کارە دوو ئامانجی پێکاوە: یەکەم؛ هەوڵی داوە بە چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانە حیزبی دێموکرات و ئامانجەکانی ئەو حیزبە بە بەردەنگی زیاتر بناسێنی. دووهەم؛ چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانە هەوڵێک بووە بۆ ئەوەی مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەردەلوولی کارەساتەکاندا بزر نەبێ. هەوڵی ئەمجارەش هەر لەو پێناوەدایە.
بەرێزان! دەرکردنی ئەو کتێبە هەوڵێکە بۆ ئاوڕدانەوە لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەشتا ساڵە لە خەباتێکی خوێناوی و پڕ لە کەندوکوسپ و کەوتن و هەستانەوەدایە بۆ وەدەستهێنانەوەی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم کتێبە بەشێکی ئەو مێژووەی لە ڕەهەندی جیا جیادا و بە قەڵەمی نووسەران و توێژەران بە تێڕوانی جیاواز ئاوڕی لێ دراوەتەوە. لە ڕاستیدا پێش کونگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ئەو پێشنیارە لە لایەن هاورێی بەڕێزم کاک "عەلی بداغی"یەوە بە ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب کرا. کاک عەلی بۆ ئاسانکاری پێڕستێکی دوورودرێژی لە سەرباس و مژارەکانیش دەستنیشان کردبوو کە ئەو نووسەر و توێژەر و خاوەن نەزەرانەی بە پیر بانگەوازەکەمانەوە دێن بتوانن کاریان لەسەر بکەن. دیارە بە هۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنییەتیی حیزب و سەرقاڵبوون بە گرتنی کونگرە و کارەکانی دوای کونگرە هەتا ڕادەیەک دوا کەوت و دواتر بڕیار لەسەر ئامادەکردنی کتێبەکە درا. ئەگەرچی تازە ئامادەکردنی کتێبەکە بۆ ٢٥ی گەڵاوێژ بەزەحمەت بوو، بەڵام لە ناوەندی ڕاگەیاندن وا ساغ بووینەوە پەلە نەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمێکی باش و دەوڵەمەندمان هەبێ.
کتێبی "هەشتا ساڵ لەپێناو ڕزگاری"دا هەڵگری ٢٦ وتار لە ٢٦ نووسەرە کە ڕەهەندەکانی تەشکیلاتی، گوتاری نەتەوەیی، وێژمانی سیاسی، سیاسەتی زمانی و فەرهەنگی و مێژوویی، خەباتی پێشمەرگانە، پرسی میدیایی، ژێنگە و ژنان و پێگەی حیزبی دێموکرات... لە خۆ دەگرێ و هەر کام لە نووسەران لە ڕوانگەی خۆیانەوە میژووی ٨٠ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان شەنوکەو کردوە. جێگای سەرنجە کە ڕادەیەکی بەرچاو لەو نووسەرانە کە بابەتیان لەو کتێبەدا بڵاو بۆتەوە و مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە هەڵسنگاندووە بۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان لەنێو حیزبی دێموکراتدا نەژیاوەن و تەنانەت نیشتەجێ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش نەبوون، بەڵام شارەزا بە بەرنامە و مێژووی خەباتکارانەی حیزبی دێموکراتن و ئەوە ئەم ڕاستییە دەردەخا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەک هەر لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا لە بواری شوناسی نەتەوایەتی و دێموکراسیخوازی و فەرهەنگسازی کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بەڵکوو ئەو کاریگەرییە گواستراوەتەوە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش کە ئەوە بۆ ئێمە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان جیگای شانازییە و پێویستە لەوە بەدواوەش بە کار و تێکۆشان ئەو پێگە کوردستانی و نەتەوەییەی حیزب بپارێزین و بەهێزتری بکەین.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی و ماندوونەبوونی بە هەموو ئەو نووسەرانە دەڵێم کە بەدەم بانگەوازی ئێمەوە هاتن. بەو هیوایەش کە لە ڕاگەیاندنی حیزب بە هەوڵ و هیممەتی زیاتر لە داهاتوودا بەرهەمی زیاتر بخەینە سەر خەرمانی بەرهەمەکانی حیزبەکەمان.