بەپێی نوێترین ئاماری بڵاوکراوی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٧٢ ڕۆژ ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران و کوردستاندا، تەنیا لە کوردستان ١١٠ کەسی خۆپیشاندەر، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، شەهید کراون.
ئامارەکە باس لەوە دەکات کە ١٢ کەس لە شەهیدەکانی کوردستان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە و ٥ کەسیان ژنن؛ لە ڕاپۆرتەکەشدا بە تەسەلی لەگەڵ ئاماری شەهیدەکان، شوێن و چۆنیەتیی شەهیدکرانەکەشی خستووەتە ڕوو.
بەپێی ئامارەکانی کوردپا، ڕۆژەکانی ٣٠ی خەرمانان بە ١٤ شەهید، ڕۆژەکانی ٤ و ٥ی خەزەڵوەر بە ١٢ شەهید و ٢٤ تا ٣٠ی خەزەڵوەر بە ٤٤ شەهید، ئەو ڕۆژانەن کە زیاترین قەتڵی حکوومەتی تێیاندا ڕووی داوە.
ئەم ١١٠ شەهیدە لە ئاکامی راپەڕینی خەڵکی شارەکانی سنە، دێولان، سەقز، ورمێ، پیرانشار، دیواندەرە، شنۆ، ئیلام، شاباد، کرماشان، سونقوڕ، قووچان، مەریوان، سەڵماس، سەلاسی باوەجانی، بۆکان، سەرپێڵ، قەسری شیرین، مەهاباد، سەردەشت، بانە، گەیڵان ، تیکاب، سەوڵاوا، کامێران، ڕەبەت، جوانڕۆ، پەیوەست بە کاروانی شەهیدانەوە بوون.
لە دوای شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی"ـیەوە، ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە کوردستان و ئێران هاتە ئاراوە کە تاکوو ئەمڕۆ درێژەی هەیە، لەم ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەدا، شارەکانی کوردستان زیاتر لە ٧٢ ڕۆژە کە درێژە بە ڕاپەڕین دەدەن و لەم پێناوەشدا، کۆمەڵێک لە خۆپیشاندران گیانیان بەختی نیشتمان کردووە.