کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیدار و چاوپێکەوتنەکانی شاندی حیزب لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست

14:37 - 7 سەرماوەز 2722

شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بۆ بیست و شەشەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بانگهێشت کراوە، لە پەراێزی کاری کۆنگرەدا چەند دیدار و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کاربەدەستانی سیاسیی وڵاتان هەبوو.

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە سەرپەرستیی شاندی حیزب لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست دەکات، لە ڕۆژی دووهەمی کاری کۆنگرەدا و لە چەند دیدارێکدا دۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان و دواگۆڕانکارییەکانی ڕاپەڕینی نوێی خەڵکی ئەم وڵاتەی لەگەڵ چەند کاربەدەستێکی سیاسیی وڵاتان هێنایە بەر باس.

بەڕێز هیجری لەو دیدارانەدا بەجیا لەگەڵ "پیا لۆکاتێللی"، نوێنەری پارلەمانی ئوروپا، "لۆید ڕاسڵ مۆیل"، ئەندامی پارلەمانی بەریتانیا لە حیزبی کار و "تەمیرلان سولتانبەکۆڤ"، سەرۆکی پارتی سۆسیال دێموکراتی قرقیزستان کۆ بۆوە. لەو چاوپێکەوتنانەدا وێڕای ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە هەستیارەکانی ئێستای جیهان، بەڕێز هیجری سپاسی هەڵوێستی ئەوانی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران کرد.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات هەر لە پەراوێزی دیدارەکانی کۆنگرەدا چاوی بە پێدرۆ سانچیس، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست و سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا کەوت و کتێبی "خولیا و مەرگی قاسملووی کورد"ی  پێشکێش کرد.

خاڵی گرینگ و پڕبایەخ ئەوە کە لە باسەکانی کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستدا بەشی هەرە زۆری قسەکەران و وتاربێژان تیشکیان خستبووە سەر ڕووداوەکانی ئێران و پشتگیریی خۆیان لە شۆڕشی ژینا و هەروەها خەبات و تێکۆشانی حیزبی دیموکرات ڕاگەیاند.

بیست و شەشەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست کە لە مادریدی ئیسپانیا بەڕێوە چوو، سێ ڕۆژی خایاند و لە ڕەوتی کاری کۆنگرەدا بەڕێز مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات وتارێکی پێشکێش کرد و بڕیارنامەیەکیش لەپێوەندی لەگەڵ دۆخی ئێران و ڕاپەڕینی ژینادا پەسند کرا. هەروەها لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیستدا بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لەپێناو ئاشتی، ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سپاسنامەیەک پێشکەش بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا.