کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکان کرد

15:13 - 7 سەرماوەز 2722

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان لە دووتوێی نامەیەکدا، هەڵویستی ڕاستگۆیانە و بوێریی مامۆستایانی ئایینیی کوردستانی دژی ڕێژیمی ئێران بەرز نرخاند و پشتیوانیی لەم توێژە کرد.

دەقی پشتیوانییەکە بەم چەشنەیە:

پشتیوانی و دەستخۆشی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان لە هەڵوێستی مامۆستایانی ئایینی لەمەڕ خۆپێشاندانەکان

 وعتصموا بحبل الله جمیعا و لا تفرقوا...

بەڕێزان مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەری کوردستانی ئێران:

هەڵوێستی ڕاستگۆیانە و بوێرانەتان کە سەرچاوەگرتوو لە ئایینی ڕاستینی ئیسلامە لەمەڕ پشتیوانیکردنتان لە خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئێران، لە دژی کۆماری مرۆڤکوژی بەناو ئیسلامیی ئێران جێگای ڕێز و دەستخۆشییە.

ئێوە وەک هەمیشە، سەنگەری بەرگری و بەرخودان و مافویستی گەلە چەوساوەکەتان بوونە و هیچکات بۆ گیرفان و پێگەی ناشەرعی پشتتان نەکردۆتە خەڵکەکەتان و لە کاتە هەستیار و گرنگەکاندا، ڕاشکاوانە و بێ‌باکانە شانبەشانی ڕۆڵە حەقخوازەکانی نیشتمان هەنگاوتان هەڵگرتووە و ترس نەیتوانیوە لە ئەرکە ئایینی و نەتەوەییەکاندا دوورتان بخاتەوە، ئەم هەڵوێستە جوامێرانەی ئەمجارەتان لە باکوور تاکوو باشوور، لە ڕۆژهەڵات تاکوو ڕۆژاوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاستی جێگای دەستخۆشی و پێزانینە.

یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە دەنگهەڵبڕینی ئێوە بە دژی کۆماری پەت و خوێن و جینایەتی بەناو ئیسلامیی ئێران، بە ئەرکی خۆی دەزانێت دەستخۆشیتان لێ بکات و لە خودای مەزن بپاڕێینەوە هەمیشە سەربڵندی هەردووک جیهان بن، هەروەها جێگای خۆیەتی سپاسی پاڵپشتیی یەکیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستانی باشوور و کۆمەڵێک مامۆستای ناسراو و دیاری ئەم بەشەی کوردستانیش بکەین کە براکانیان لە ڕۆژهەڵات فەرامۆش نەکرد و ئیدانەی کردەوە چەپەڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کرد کە بە دژی خۆپێشاندەرانی ئێران و کوردستان دەستیان لە هیچ جنایەتێک نەپاراست.

هەروەها سپاسی زانایانی ئایینی بەلووچ بەتایبەت کەسایەتیی بەڕێز مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیل زەهی دەکەین کە پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی وەزاڵەهاتووی کوردستان دەربڕی.

جارێکی تر سپاس بۆ یەکیەتی و تەباییتان لە ئاست پاڵپشتیی ئێوە لە گەلەکەتان، دەنگتان هەمیشە بەرز و پێنووستان هەمیشە بە بڕ و جەوهەر بێت.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی