کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لە شۆڕش ناوەستێ و نابێ ڕاوەستێ

17:41 - 7 سەرماوەز 2722

ئەلبورز ڕووئین‌تەن

جارێکی دیکە خوێنی لاوان، جارێکی دیکە مێلیتاریزەکردنی کوردستان، جارێکی دیکە هێرشی بەرفراوان، جارێکی دیکە شەهید و زیندان و ... .

گۆیا بە باڵای کوردستان بڕاوە ئەستەمی ژیان و کورد بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا هیوای گەیشتن بە ڕزگاری وا ڕیشەی لە هزر و بیر و گیانمان ڕۆچووە کە لە هەر دۆخێکدا بێت بە ناوی ئازادی دەڕوێینەوە و بەرەو بەرزی و ڕووناکی هەڵدەکشێین.

لە کاتی نووسینی ئەو دێڕانە وێڕای دیتن و دەرک بە دۆخی ئەستەمی کورد، ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەش دەبمەوە کە، کەی دۆخی کورد وا نەبووە؟ ئێمە بەوە ڕاهاتووین بەرخودان بکەین بە فەلسەفەی ژیان، ژیانمان لە خەبات لەپێناوی ئازادیدا مانا بکەین، هەر ئەوەش وای کردووە نەمرین و بمێنین و بەردەوام بین.

لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستییانە، ئەو دۆخە وا دەخوازێ کە ئێمە بەردەوام بین، بەڵام بەردەوام بوونێکی جیاواز بۆ ئەوەی بتوانین باشتر لە دوێنێ و بەهێزتر لە ئەمڕۆ، سبەی بەرەو ئامانجاکانمان هەنگاو هەڵگرین.

یەکەمین قوناغی ئەو جیاوازییە ئەوەیە کە دەبێ بیر لە هەموو ئەگەرەکان بکەینەوە؛ لەوانەیە ئەو بابەتە بۆ پێشتریش هەر ڕاست بێت، بەڵام لە ئێستادا کە دەبینین ئەو جیاوازییەی لە نێوان کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران تا دێت زیاتر زەق دەبێتەوە، پێداویستی بیرکردنەوە لە ئەگەرەکانی کە لە دەرەوەی سیاسەتی دیاریکراویش بێت گرینگیی خۆی دەنوێنێ.

ئەوەی کوردستان ئامادەیی زیاتری بۆ شۆڕش هەیە، پێشتریش بەردەوام باسی لێوە کراوە و تەنانەت بە بەڵگە نەک جارێک هەموو ساڵێک چەندین جار سەلماوە و دەبینین، بەڵام ئەگەر ئامادەیی ناوچەکانی دیکە بە ڕێژەی کوردستان نەبێ، ئێمە ناتوانین کوردستان لە مافخوازی و چالاکی و بەردەوامی بوەستێنین تا ناوچەکانی دیکەش دەگەن، چونکە کەی دەگەن، ئایا هەر دەگەن بەو ئامادەییەی کە لە کوردستان هەیە بەتایبەتی بەو دۆخەی کە ئۆپۆزیسیۆنی فارسی تێدایە، ناڕوونە.

لە لایەکی دیکەوە لە زیاتر لە ۷۰ ڕۆژی ڕابردوودا ئەوەمان بۆ سەلماوە کە کوردستان لۆکۆمۆتیڤی شۆڕشە، لۆکۆمۆتیڤ شۆڕش بە دوای خۆیدا دەکێشێ، ئەگەر واگۆنێکیش بپسێ یا نەیێ ئەوا لۆکۆمۆتیڤ بەرەو پێش هەر دەڕوا، هەر بۆیە ئێمە نابێ کوردستان بە ناوچەکانی دیکە ببەستینەوە، بەڵکوو ئەوە ناوچەکانی دیکەن کە بە کوردستانەوە بەستراونەتەوە، پێویستە ئەو ڕاستییە بە باشی دەرک پێ بکەین چونکە تەنانەت ئەگەر بمانهەوێ کورد بوەستێنین ئایا دەتوانین؟ بێ گومان زۆر ئەستەمە، هەر بۆیە ئێمە دەبێ وەک لۆکۆمۆتیڤ بەردەوام بین تا دەگات بە ئەنجام.

لەو دۆخەدا زۆرترین پرسیار کە ڕوو دەدات ئەوەیە کە ئایا ئێمە دەتوانین ببین بە لۆکۆمۆتیڤی شۆڕش و ئەگەر هەموو قەتارەکەش بە ئاکام نەگات لانیکەم لۆکۆمۆتیڤەکە بگات؟

بەڵێ کوردستان بە تەنیاش دەتوانێ، چونکە ئەو هێزەی خەڵک تا ئێستا تەنیا لە چالاکی و ناڕەزایەتی نیشاندان (بەرگری) توانیویەتی کە کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا بێنێ، ئەی ئەگەر ئەو ناڕەزایەتییەی بگۆڕێ بۆ ئەکتی شۆڕشگێڕیی هێرشبەرانە (ناڕەزایەتیش ئەکتی شۆڕشگێڕیە لێرەدا مەبەست ئەوەیە بکەوێتە قوناغی هێرشبەری) و چالاکانە لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ڕابوەستێ چی دەبێت؟ لە حاڵەتێکی وەهادا سەڕەڕای هەمووی ئەو تێچوو و ئەو سەختییانەی کە هەن دەتوانین هیوادار بین بە گۆڕینی هاوکێشەی هێز و لە کاتی وەهاشدا گۆڕانکاریی زیاتر لە شەقامی ناوچەکانی دیکە ڕوو دەدات، تەنانەت ئەگەر واش نەبێ لە ئێستاوە حکوومەتی داهاتووی ئێران لە گەڵ دیفاکتۆی هەرێمی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕووبەڕوو دەبێ کە ئەوکات گەڕانەوە بۆ خاڵی سیفر نامومکینترە لەوەی کە چاوەڕێ بکەین تاران بەدەستی فارسەکان بڕووخێ تا بزانین چی دەبێت.

لێرەدا هەر زوو بابەتێکی دیکە دێتە ئاراوە ئەویش بابەتی تێچووی زۆرمانە، سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم ئەو بابەتە لەلایەن دوو توێژەوە دەخرێتە ڕوو، توێژێک لە ڕووی دڵسۆزی کە جێگای ڕێزە و دەبێ وێڕای گوێگرتنی هەوڵی ئەوە بدەین بە شرۆڤەیەکی دروست و بەجێ لەو تێچوویە کە لە هەر دۆخێکدا بۆ کورد هەیە بە قەناعەت بگەیێنین، توێژی دووەم تەنیا بە مەبەستی چاندنی تۆوی بێ‌هیواییە کە دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە هەر چاولەدەستی ئەوانی دیکە بین کە ئەمە لە نەتەوەیەکی وەک کورد کە ئاوا لە پێناو ئازادیدا خەبات دەکات ناوەشێتەوە و پێویستە پێداگر بێت لە سەر چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی.

لەمەڕ تێچووی شۆڕشیش کە زۆر بەئازارە، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوەی بکەم ئێمە کەی تێچوومان نەداوە، ئایا ژینا ئەمینی لە خۆپیشاندان بە دژی کۆماری ئیسلامی شەهید بوو، نەخێر لە تاران کەوتە بەر هێرشی پڕ لە قینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی کە کورد بوو، یا سەیری ئاماری لەسێدارەدان و زیندانی و کوشتنی کۆڵبەر و تەنانەت گەڕان بە دوای بیانوو بۆ ئەوەی کورد بکوژرێت پێش شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بکەین، دەبینین ئێمە لە هەر دۆخێک هەر تێچوومان هەیە و ئەو تێچوویەش تەنیا بە بەردەوامی و گەیشتن بە ئازادی ڕادەوەستێت.

لە لایەکی دیکەوە مووشەکباران و تۆپبارانی هێزەکانی شۆڕشیش پێشتر و دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەر هەبووە و هەر بەردەوامیش دەبێت.

پێویستە ئەو ڕاستییە دوای ئەو هەموو ساڵە ستەم و داگیرکەریی دەوڵەتی بە تایبەتی ناوەندی ئێران بزانین ئەگەر تاقە کوردێک بمێنێ لە سەر گۆی زەوی داوای مافی خۆی وەک کوردێک بکات لە کوێ بێ گرینگ نییە هەر دەکەوێتە بەر هێرشی ئەو ڕێژیمە کەواتە ئێمە ناتوانین بە ڕاوەستان یا کەمکردنەوەی چالاکییەکانمان پێش بە ستەمی داگیرکەرانە بگرین.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانە تەنیا یەک ڕێگا دەمێنێتەوە ئەویش بەردەوامی و بەهێزیی شۆڕش لە کوردستان لە هەر دۆخێکدایە بۆ ئەوەی بتوانێ بەرەو ڕزگاری بڕوات، لە کاتێکی  وەهاشدا کە کورد وا لێبڕاوانە و شێلگیرانە بە دوای مافەکانیدا دەڕوات پێویستە هەموو ئەگەرەکانی مومکین لە بەرچاو بگیرێن، تەنانەت ئەو ئەگەرانەی کە لە بەرنامەی کاریشدا نین.