کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی وشەی کەنداوی عەرەبی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێش سەفەرکردنی بۆ تاران

11:57 - 8 سەرماوەز 2722

شەوی ڕابردوو پێش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران سەفەر بکا، لە بەیاننامەی فەرمیی هەیئەتی دەوڵەتی عێراقدا، وشەی کەنداوی عەرەب (خەلیجی عەرەب)ـی بەکار هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "میدڵ ئیست نیوز"، شەوی دووشەممە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، "محەممەد شیاع ئەلسوودانی"، سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی عێراق، پێش ئەوەی بۆ تاران سەفەر بکا، لە بەیاننامەی فەرمیی هەیئەتی دەوڵەتی عێراقدا، لە جیاتی کەنداوی فارس، وشەی کەنداوی عەرەبی بەکار هێناوە و لە هەوڵێکی چاوەڕوان نەکراو‌دا لە بەیاننامەی فەرمیدا دوای کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵت کە بە بۆنەی دابینکردنی بوودجە بۆ تیمی تۆپی پێی عێراق بۆ بەشداری لە جامی نەتەوەکانی عەرەبی لە بەسرە بەڕێوە چوو، بەجێی کەنداوی فارس، دەستەواژەی کەنداوی عەرەبی بەکار هێنا، ئەوە لە حاڵێکدایە کە دوای ئەو کۆبوونەوەیە بۆ تاران سەفەر دەکا و لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کۆ دەبێتەوە.

بەکار هێنانی وشەی کەنداوی عەرەب، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، لە کاتێکدایە کە بابەتی ناودانانی ئەو ناوچەیە بە "کەنداوی فارس" لەلای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەستیارە و تاران وشەی کەنداوی عەرەبیی پێ دروستکراو و دەسکردە و پێی وایە تەنیا کەنداوی فارس ناوێکی گونجاوە بۆ ئەو ناوچەیە و بەردەوام لە پڕۆتۆکۆلە نێودەوڵەتییەکانیشدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتە کە ناوی کەنداوی فارس بەکار بهێنرێت.