ڕێژیمی ئێران، بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی یاریزانانی تیمی تۆپی پێی ئێران، گوشاری خستووەتە سەر یاریزانەکان کە لە یاریگەی قەتەر دژی ڕێژیم ناڕەزایەتی دەرنەبڕن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "سیئێنئێن"، ڕۆژی سێشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی یاریزانانی تیمی تۆپی پێی ئێران و هەڕەشەی لێ کردوون کە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی جیهانی لە قەتەر دژی ڕێژیم دروشم نەدەن و خۆیان لە هەر جۆرە ناڕەزایەتیدەربڕینێک ببپارێزن.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یاریگای قەتەرەوە، دوای ئەوەیکە یاریزانانی ئێرانی لە دەسپێکی یارییەکەیاندا، سروودی ڕێژیمی ئێرانیان نەخوێندەوە، سپای تێرۆریستیی پاسداران کۆبوونەوەیەکی بۆ پێکهێناون و پێی ڕاگەیاندوون کە ئەگەر سروود نەخوێننەوە یان هەنگاوی ناڕەزایەتی دژی کۆماری ئیسلامی بگرنە بەر، بنەماڵەکانیان ڕووبەڕووی زیندان و ئەشکەنجە دەبنەوە.