کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵا کوردستانی: کورد بۆ دەربازبوون لەم دۆخە پێویستی بە یارمەتیی وڵاتە زلهێزەکان هەیە

13:48 - 8 سەرماوەز 2722

هەڤپەیڤین: کاروان مێراوی

ڕاپەڕین و بەرخۆدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە شۆڕشی ژینا ناوبانگی دەرکرووە، نزیک بە سێ مانگ بووەتەوە و بەردەوام کڵپەی خرۆشانی شەقامەکان زیاتر دەبێت. هەر وەک چۆن ڕاگەیاندن بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هەر دەسەڵات و حکوومەتێک و هەروەها کۆمەڵگەش ئەژمار دەکرێت، بێگومان لە شۆڕشەکانیشدا ڕاگەیاندن و میدیا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن و لەم شۆڕشەی کە هەنووکەش کە لە کوردستان و ئێراندا لە ئارادایە، ڕاگەیاندن و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی بەرچاو و سەرەکییان هەبووە. ڕۆژنامەنووسانیش سەرەڕای ئەوەی کە بەردەوام لە هەموو بارودۆخێکدا چاوەدێریی چڕوپڕیان لەسەرە و بەتایبەت لە بارودۆخە هەستیارەکانی وەکوو ئێستە چاوەدێرییەکانی سەریان زیاتر دەبێتەوە، دەکرێت لەو ڕاپەڕینە بە کاریگەرترین توێژ ئەژماریان بکەین. لەسەر ئەم مژارە تۆڕی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ بەڕیز "ئاڵا کوردستانی" (ناوی خوازراو)، یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە چالاک و بەئەزموونەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێناوە.

بەڕێز کوردستانی سپاس بۆ بەشداریتان لە هەڤپەیڤینەدا، سەرەتای باسەکەمان بەم پرسیارەوە دەست پێ دەکەین؛ جەنابت وەک ڕۆژنامەنووسێکی بەئەزموون، لە ڕوانگەی ڕۆژنامەنووسییەوە ئەم سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەی کوردستان و ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سەرەتا سەری ڕێز دادەنوێنم بۆ هەموو شەهیدانی خەبات و بەرخۆدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستی دایک، باوک و ڕۆڵەکانی نیشتمان ماچ دەکەم کە کەسوکاریان لە خۆپیشاندانەکان لەدەست داوە و ئازایانە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان شەقامەکان چۆڵ ناکەن.
هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەم جارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەواو جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو. بێگومان ئێران لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا و دوای گەمارۆ ئابوورییەکانی سەردەمی ترامپ، بە دۆخێکی زۆر قورسدا تێپەڕیوە و کێشە ئابوورییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەنگی خەڵکی ناڕازیی بەرز کردەوە. لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا خەڵک لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕژانە سەرشەقامەکان و لە ماوەیەکی کورتدا ١٥٠٠ کەس کوژران. بەڵام ئەم جارە چی وای کرد کە هەموو ئێران و ڕۆژهەڵات بێنە دەنگ و خۆپیشاندانەکان بەرفراوان بن؟ ئەوەندەی من تێبینیم کردووە پێش شەهیدبوونی "ژینا ئەمینی" نزیکەی شەش مانگێک دەبوو کە دیسان پۆلیسی بەناو ئەخڵاق یان هەمان گەشتی ئێرشاد چالاکییەکانیان بە فەرمانی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی و لەژێر سێبەری ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری هەنووکەی ڕێژیم زۆر بەرفراوان کردبوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فارسیدا ڕۆژانە دیمەنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان و کچان لەسەر نەبوونی لەچک و شێوازی جلوبەرگیان بڵاو دەکرایەوە، کەواتە ئاگرێکی بچووک داگیرسابوو. لەناکاو کچێکی کورد لە ناوەندی ئێران و  لەلایان پۆلیسی بەناو ئەخلاق دەستبەسەر کرا و پاش دەستبەسەرکرانی کوژرا! ڕاستە ئەم هەواڵە فارسەکانی تاساند، بەڵام بردنەوەی تەرمی ژینا بۆ شاری سەقز، هاتنی ئەو هەموو خەڵکە بۆ گوڕستان و گوتنەوەی دروشمی جیاواز و بەتایبەت دروشمی ژن، ژیان ، ئازادی،  فارسەکانی سەرسام کرد.

بۆیە کۆمەڵگەی ئێران و جیهان دەبێت لەوە تێ بگەن کە شۆڕشی ئێران لە ئاکامی سەرهەڵدانەوەی شۆڕشێکی کوردییە لە دڵی خەڵکێکەوە کە ئاشنایە بە شۆڕش و ئامانجی دیاریکراویان هەیە. بەمەش دەتوانین بڵێین کە شۆڕشی ئەم جارەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کردستانەوە سەری هەڵدا و لە فڕێدان و سووتانی لەچکێک گەیشتە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی و  سەرکەوتن تا گۆڕینی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە.

لە بارودۆخی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ئەرکی ڕۆژنامەنووسەکانی ناخۆ چییە و چۆن لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکەدا هاوکات خۆیان لە گیران و ڕفاندن بپارێزن؟
لەم کاتانەدا ئەرکی ڕۆژنامەنووس گواستنەوەی ڕاستییەکانە و بڵاوکردنی ئەوەی دەیبین، "نیلوفەر حامێدی" کە یەکەم وێنە و هەواڵی گیان‌لەدەستدانی 'ژینا ئەمینیـ"ـی بڵاو کردەوە، بەتەواوەتی ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و ئەگەر ئەم شۆڕشە وا گەورە نەبوایەتەوە، بێگومان دەستبەسەر نەدەکرا. کەواتە لەم حاڵەتەدا سیستەمێکی دیکتاتۆری بە دڵی خۆی بڕیار لەسەر گیرانی ئەو کچەیان داوە، بە پشتبەستن بە هەندێک وینە کە گوایە پێشتر لە دەرەوەی ئێران بەشداری ڤۆرکشۆپێکی کردووە و ئەمە پلانی لە پێشداڕێژراو بووە.

 ئێستە کە ڕوونە مامەڵەی هێزە سەرکوتکەرەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چۆنە، ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆ دەبێت زۆر بە وریایییەوە کار بکەن و ببن بە سەرچاوەی هەواڵ بۆ دەرەوە و کەمتر لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەتی خۆیان زانیارییەکان بڵاو بکەنەوە، چونکە نموونەی زۆرمان هەیە لە ڕۆژنامەنووسانی چالاک کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری لە لاپەڕەی خۆیان دەستەبەسەر کراون و دوای ئازادکردنیان لەبەر ئەو چاودێرییە چڕوپڕەی کە لە سەریان هەیە، کەمتر دەرفەتی کارکردن و تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەیان هەبووە. لەم شۆڕشەدا دەبێت هەموو کەس ئیحساسات بەلاوە بنێت تا سەرکەوتنی گشتی بەدەست بێت، بۆیە ڕۆژنامەنووسانی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بردنە دەرەوەی دەنگی خەڵکی ناڕازی، دەبێت تا ئەو جگەیەی کە دەتوانن لەگەڵ ناوەندەکانی هەواڵ لە دەرەوەی سیستەمێکی دیکتاتۆری کە هیچ مافێک بۆ ئازادیی ڕادەڕبرین دەستەبەر ناکات، کار بکەن.

ڕووداوەکانی کوردستان و ئێران بەگشتی و بەتایبەت ئەم سەرهەڵدان و ڕاپەڕینە چەند لە ڕۆژنامەکانی ناخۆدا ڕەنگیان داوەتەوە؟ یان بە واتایەکی تر ڕۆژنامەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چەند ئاوێنەی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەن؟

بێگومان وەک هەمیشە زۆر بە کەمی. لە ماوەی ٤٣ ساڵی دەستەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بەپێی گۆڕینی سەرۆککۆمار شێوازی کارکردنی ڕۆژنامە و سایتە ناوخۆیییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لە هەموو سەردەمێکدا سانسۆرکراو بووە.

ڕۆژنامەکانی ئێران یان کار لەسەر ئەم ڕاپەڕینە ناکەن یان زۆر موحافیزەکارانە لەسەری دەنووسن و ڕۆژنامەکانی نزیک لە حکوومەتیش کە هەڵویستیان ڕوونە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر کەمی کردووە، ئەو چەند دانەیەش کە بڵاو دەبنەوە ناتوان بە دروستی ئەوەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدات بڵاوی بکەنەوە و زیاتر شرۆڤە و داواکارییەکان ڕەنگدانەوەیان هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانین کە ئێستە هەواڵەکان زیاتر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە و ئەمەش دەرفەتێکی باشی ڕەخساندوو تاکوو سەرەڕای هەموو بەربەستەکان بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت، هەواڵە دروستەکان لە ڕێگەی پەیجەکانەوە  بڵاو بکرێنەوە کە هەر بە یارمەتیی خەڵک هەواڵیان دەست دەکەوێت.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژنامە خەڵکییەکانی ناوخۆی ئێران و بەتایبەت له کوردستاندا چاوەدێریی چڕوپڕیان لەسەرە، لە بارودۆخێکی ئاوا هەستیاردا دەبێت چۆن ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن کە هەم بتوانن لە خزمەتی داخوازیی خەڵکدا بن و هەمیش بیانوو بە ڕێژیم نەدەن بۆ ئەوەی پێش بە بڵاوبوونەوەیان بگرێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارە تا پێش دەسەڵاتداریی ئیبراهیم رەئیسی تا ڕادەیەک ئاسان دەبوو، بەڵام ئێستە نا، هیچ ئاسان نییە!

لە ئێراندا سیستەمێکی دیکتاتۆری بە ڕێبەرایەتیی عەلی خامنەیی بەردەوام بەسەر هەموو ئاقارەکانی کۆمەڵگەدا زاڵ بووە بۆیە هەر وەک لەسەرەوە باسم کرد، بە گۆڕینی سەرۆککۆمار لە بەرەی بناژۆخوازان یان ڕیفۆرمخوازان کارکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لە سەردەمی "ڕەئیسی" و دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەهۆی کێشە ناوخۆیییەکان و گوشارەکانی دەرەوە بۆ سەر ڕێژیم یەکەم شت کە دەستی بۆ بردرا ، کۆنترۆڵکردنی خەڵک بوو کە ئەمەش کاری ڕۆژنامە، سایت و سۆشیاڵ میدیای گرتەوە، بۆیە لەڕاستیدا کارکردن لە خزمەتی داخوازییەکانی خەڵک بەبێ بیانوودان بە حکوومەت لە ڕۆژنامە خەڵکییەکانی ناوخۆی ئێران و کوردستاندا زۆر زەحمەتە.

هەر وەک خۆشتان پێشتر ئاماژەتان پێ کرد؛ ڕۆژنامەنووسان یەکێک لەو توێژانەن کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەردەوام لەژێر چاوەدێری و گوشارەکانی ڕێژیمدان. ئێستە لەو هەلومەرجەی کە لە کوردستان و ئێران لە ئارادایە، دۆخی ڕۆژنامەنووسان چۆنە؟

دۆخی رۆژنامەنووسانی ناوخۆی کوردستان و ئێران، بەگشتی زۆر خراپە. بەشێکی زۆریان گیراون و ئەوانی دیکەش بەردەوام لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بەردەوام ئاگادارییان پێ دەدرێت و هەڕەشەیان لێ کراوە و لە پەیجی نەناسراو بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەی بێبنەما بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە تۆمەتباریان دەکەن تاکوو لە ئەگەری هەر هەڵویستێکی بەرچاو، بە پشتبەستن بەو بەڵگە بێبنەما و دروستکراوانە دەستبەسەریان بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور، لە ماوەی نزیک بە سێ مانگی سەرهەڵدانی ئەو ڕاپەڕینەی کوردستان و ئێراندا زیاتر لە ٤٠ ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون. ئەوندەی کە بەڕێزتان ئاگادار بن، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕفێندراوانە لە بەردەستدا هەیە؟

جیا لە ڕفاندن و دەستبەسەرکردن، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ماڵەوەن، گوشارێکی دەروونیی زۆریان لەسەرە و کارکردن بۆیان زۆر ئەستەمە.

سەبارەت بە گیراوەکان بێگومان بەشێکیان دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە و مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە لە ئەگەری بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان بۆ ترساندنی خەڵک، لە سێدارە بدرێن. چەند کەس لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە کوردستان گیرابوون، ئازادکردنیان بە مەرجی دانانی بارمتەی قورس بووە و چاوەڕێی ڕۆژی دادگاییکردنن و تۆمەتی سەرەکی و هاوبەشیان پڕوپاگەندە دژ بە نیزامی ڕێژیمی ئیسلامییە. لێدان، گوتنی قسەی نەشیاو، هەڵسوکەوتی خراپ، تۆمەتبارکردنیان بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان، هێشتنەوەیان لە ژووری تاکەکەسی و گوشاری دەروونی، دۆخی هاوبەشی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕفێندراو و گیرانەیە.

خاتوو ئاڵا، میدیاکان چەندە کاریگەرییان لەسەر ئەو ڕاپەڕینەی کوردستان و ئێران هەیە؟

میدیا لە هەموو کات و دۆخێکدا کاریگەریی زۆری لەسەر کۆمەڵگە هەیە و زۆر جار میدیا ڕەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک دیاری دەکات.

لەم ڕاپەڕینەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا میدیا بە هەموو جۆرە پلاتفۆرمەکانییەوە کاریگەریی زۆری لەسەر خۆپیشاندانەکان هەبووە، هەڵبەت ئەوەش بڵێم کاریگەرییەکە هی ئەم دوو مانگە نەبووە، میدیای کوردی و فارسی دەمێکە لەسەر هوشیارکردنەوەی خەڵک و بڵاوکردنەوەی زانیارییە شارەوەکان کار دەکەن، هەر ئەمەش هۆکارێکە کە دەیسەلمێنێت خەڵکی ئێران و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وریاتر و بەهێزتر لە ڕابردوو درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.

چە جیاوازییەک لەنێوان کاریگەریی میدیا کوردستانی و ئێرانییەکانی تاراوگە و هەروەها میدیا جیهانییەکان لەسەر ئەو ڕاپەڕینە هەیە؟

دوای شەهیدکردنی "ژینا ئەمینی" سەرەتا هەموو میدیا کوردستانی و ئێرانییەکان و میدیاکانی دەرەوە باسیان لە کوژرانی ژنێک و سەرهەڵدانی شۆڕشێکی ژنانە دەکرد. کاناڵی سی‌ئێن‌ئێن چەندین جار پۆدکاستی لەسەر ئەو دۆخەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە بڵاو کردەوە و میدیا گەورە و گرینگەکانی دیکەش بە هەمان شێوە. بۆیە هەموو میدیاکان کاریگەرییان لەسەر پیشاندان و پەرەپێدانی ئەو ڕاپەڕینە هەبوو، چونکە نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بەپێی بیروباوەڕ و متمانە بە میدیایەکی دیاریکراو بە دوای هەواڵەکاندا دەکەون. بەڵام کاریگەرییەک کە میدیا جیهانییەکان لەسەر گەیاندنی دەنگی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەرکردەی وڵاتان هەیانە، میدیا خۆجێییەکان نایانبێت. بۆیە ئێستە کە ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو ئامانجی دیاریکراو و خواستی هەمیشەیی هەنگاو هەڵدەگرێت، دەبێت کورد سەرنجی میدیا جیهانییەکان بۆ خۆی زیاتر ڕابکێشێت چونکە کورد بۆ دەربازبوون لەم دۆخە پێویستی بە یارمەتیی وڵاتە زلهێزەکان هەیە.

وەک ڕۆژنامەنووسێکی چالاک کە بەردەوام لەناو خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستانن، پێتان وایە چاوەڕوانی و داخوازیی خەڵک لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستەدا لە حیزبە کوردستانییەکان چییە؟

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی سێ مانگە شەقامەکانیان چۆڵ نەکردووە و لەم ماوەیەدا قوربانییەکی زۆریان داوە. ئەوان بەبێ چەک و بە ئیرادەیەکی بەهێز و یەکدەنگ هاوار بۆ ئازادکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و بێگومان داوای پشتیوانی لەو حیزبانە دەکەن کە ٤٣ ساڵە بە ئاشکرا و شارەوەیی پاڵپشتییان دەکەن، بەڵام خەڵک دەبێت لەوە تێ بگەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گەورە دەبێت پلانێکی باش و بەرفراوان هەبێت. حیزبەکانیش دەبێت لەوە تێ بگەن کە دەرفەتە زێڕینەکان هەموو کات دووبارە نابنەوە و دەبێت ئێستە نرخی کات زیاتر بزاندرێت تاکوو دەستکەوتی ڕاپەڕینەکان بەدەست بێنن.

وەک دواهەمین پرسیار؛ وێڕای خوێندنەوەتان بۆ بارودۆخەکە، پێشنیارتان بۆ بەردەوامبوونی ئەم ڕاپەڕینە و بەگشتی بۆ داهاتوو چییە؟

ئەم ڕاپەڕینە لە دڵی خەڵکەوە هەڵقۆڵیوە و بەردەوامبوونیشی هەر بەدەستی خەڵکەوەیە، بەڵام ڕەچاوکردنی چەند فاکتەر زۆر گرینگە. پێویستە حیزبەکانی ئێران و حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پلانێکی باش و دیاریکراویان بۆ دەربازبوون لەم سیستەمە دیکتاتۆرییە هەبێت. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت لە ئەزموونەکانی ڕابردوو کەڵک وەرگرن و بە کەمترین تێچوو مافە ڕەواکانی خۆیان لەم شۆڕشەدا مسۆگەر بکەن. خەڵکی رۆژهەڵاتیش گەیشتووەتە قۆناغێک کە گەڕانەوەی بۆ نییە، بۆیە بە بڕوای من نابێت شەقامەکان چۆڵ بکرێن و هەر ئەو جۆرەی کە ئێستە دەبینین کۆدەنگییەک لەنێو خەڵکی ئێران دروست بکەن و سەرنجی جیهان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن تاکوو هەموویان سەرکردایەتیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەم شۆڕشە مەزنە ببینن.

خاتوو "ئاڵا" زۆر سپاس کە لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی کوردستان و وێڕای ئەو گوشارانەی کە لەسەر ئێوەی ڕۆژنامەنووسانە ئامادە بوون لەم هەڤپەیڤینەدا بەشداری بکەن. ئەگەر لە کۆتاییدا شتێک ماوە باسی بکەین و ئاماژەی پێ نەکراوە یان پەیامێکتان هەیە، بفەرموون!

سپاس بۆ ئێوە، سەرکەوتوو بن. هەموو ئامانجێک دەگاتە ئاکام تەنیا دەبێت باوەڕمان بە ئامانجەکە هەبێت و ڕێگەی بەدەستهێنانی ون نەکەین.