کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی دوکتور شۆڕش حەیدەری لە دەسبەسەرکراوانی بۆکان

16:10 - 8 سەرماوەز 2722

دوکتور شۆڕش حەیدەری لە دەسبەسەرکراوانی بۆکان کە لە ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەرەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە گیراوە، چارەنووسی هەروا ناڕوونە.

دوکتور شۆڕش حەیدەری بە تۆمەتی تیمار و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە بریندارانی خۆپێشاندانەکانی شاری بۆکان گیراوە. لە ڕەوتی خۆپێشاندانە خوێناوییەکانی شاری بۆکاندا سەدان کەس بە فیشەکی شەڕ و بە مەودای نیزیک لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمەوە درانە بەر دەستڕێژ. 

دوکتور شۆڕش حەیدەری وێڕای هاوژینەکەی دوکتور مەدینە ئەرژەنگی لە مەجبوراوای بۆکان وەک دوو پزیشک خزمەتی خەڵکی هەژار و کەم‌داهاتی ئەو ناوچەیەی شاری بۆکان دەکەن. ئەو دوو پزیشکە خێرخواز و خۆشناوە لە بوومەلەرزەکەی چەند ساڵ لەوەپێشی کرماشانیشدا خۆبەخشانە بە هانای بریندارانی ئەو کارەساتە لە ناوچەکانی سەرپێڵ و دەشتی زەهاوەوە چووبوون.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان لە ماوەی دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا لانیکەم چوار هەزار کەس لە خەڵکی ناڕازیی سەرشەقامەکان لە کوردستانیان دەسبەسەر کردووە کە بەشی هەرەزۆریان ئێستاش لە گرتنگەکاندا ماونەتەوە و چارەنووسیان ناڕوونە.