کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگایەکی کانادا سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند

16:22 - 8 سەرماوەز 2722

دادگای باڵای "ئۆنتاریۆ" لە کانادا کە پێشتر لقی قودسی بە تێرۆریست ناسیبوو، تەواوەیەتی سپای وەک تێرۆریست ناساند.

ئەم حوکمە لە دۆسییەی قەرزی نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری پارێزەرێکی کۆچکردووی کانادایی بە شیرکەتێکی هێڵی ئاسمانیی ئێرانی دەرچووە و دادوەر بڕیاری دا ئەم قەرزە نەدرێتەوە، چونکە "بابەک زەنجانی" خاوەن شیرکەتە بە دابینکردنی پارە بۆ سپای پاسداران تۆمەتبار بووە.

جیا لەوە دادوەری ئەو دادگایە باسی لەوە کردووە نە تەنیا سپای پاسداران ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە بەڵکوو هێزی قودسیش کە پێشتر لەلایەن کاناداوە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە، پێکەوە کاریان کردووە.

دەوڵەتی کانادا لەمێژە لە هەوڵدایە کە سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێت. بەتایبەتی دوای ئەوەیکە فڕۆکەی ئۆکراینی بە ١٧٦ موسافیرەوە لەلایەن سپای پاسدارانەوە خرایە خوار، بەردەوام کانادا لە هەوڵدا بووە ئەو ڕێکخراوەیە بەگشتی وەک تێرۆریست بناسێنێت.

لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا لە ئێران، کانادا چەندین کاربەدەستی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی سەرکوتی خەڵک لە خۆپیشاندانەکاندا تەحریم کرد.