بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەر هاووڵاتییان لە درێژەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە گوندی "داشبەند"ی بۆکان هەڵکەوتوو لە جادەی بۆکان ـ میاندواو ئاگریان لەسەر ئەو جادەیە کردەوە و هاتوچۆیان بەگشتی پچڕاند.
سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری هێزەکانی ڕێژیم لەسەر دانیشتووانی گوندەکانی "داشبەند، وشتەپە و ناچیت" خەڵکی نەترس و وەزاڵەهاتوو لە چالاکیی خۆیان بەردەوام بوون و شەوی پێجشەممەش دووبارە لەسەر ئەو جاددەیە ئاگریان کردەوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە خەڵکی بوێر و فیداکاری سنە لە چەندین گەڕەکی ئەو شارە خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.
ئەو گەڕەکانەی خۆپیشاندانیان لێ بەڕێوە چووە بریتین لە "فەیزاوا، کارامووزی، تەقتەقان، ٢٥، فەرەح، حاجیاوا، سیرووس، بەردەشت، گوڵشەن، عەباس ئاوا، شەریف ئاوا، شارەکی وەرمەقانی، شارەکی مەولەوی، بەر مەلەوانگەی حیجاب، چوارڕێیانی چوارباخ و فێردەوسی".
خۆپیشاندانی هاووڵاتییان دژی ڕێژیمی خوێنڕێژی ئێران لە شارەکانی ئێران و کوردستان درێژەی هەیە و خەڵكی بوێر هێز و تینیان لە سەرکوتکەران بڕیوە.