کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی لێبوردنی نێونەتەوەیی بۆ ناردنی چاوەدێران بۆ دادگایی‌کردنی خۆپیشاندەرانی ئێران

11:38 - 9 سەرماوەز 2722

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کە، شێوەی دادگایی‌کردنی خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیوی ئێران دژی حکوومەت، پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی سێشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش ئەوەیکە کۆمیتەی پێداچوونەوە بە بارودۆخی دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ڕایگەیاند کە ١٠ منداڵی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ، ڕۆژی چوارشەممە بە تۆمەتی" موحاربە" لە لقی یەکی دادگای کەرەج دادگایی دەکرێن، ئەو ڕێکخراوەیە بە بڵاوکردنەوەی چەندین توییت، داوای لەو وڵاتانە کردەوە کە باڵوێزخانەیان لە ئێران هەیە، چاوەدێر بنێرنە ئەو دادگایانەی کە خەڵکی لێ دادگایی دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ منداڵی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ وەک (محارب) و  (مفسد فی الارض)، بە بێ ئەوەیکە مافی بوونی پارێزەریان هەبێ لە لقی یەکی دادگای کەرەج دادگایی دەکرێن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لە پێکهێنانی ئەو دادگایە کە بۆ دادگایی‌کردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بەتایبەتیی ئەو منداڵانە کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە نووسی: "ڕەوتی دادگایی‌کردنەکان لەلایەن دادوەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە پێشیلکردنی هەموو یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکانە".