کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی یەکیەتیی پارلمانتارانی کوردستان سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی لە هەولێر کرد

12:15 - 9 سەرماوەز 2722

شاندێکی پارلمانتارانی کوردستان بە سەرپەرەستیی مامۆستا جەماڵ قاسم، سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە هەولێر کرد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، شاندێکی یەکیەتیی پەرلمانتارانی کوردستان بە سەرپەرستیی مامۆستا جەماڵ قاسم  سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێریان کرد و لەلایەن شاندێکی ڕێبەرایەتیی حیزبەوە بە سەرپەرستیی خالید عەزیزی وتەبێژی حیزب پێشوازیی لێ کرا .

لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا کاک خالید عەزیزی وێڕای بەخێرهاتنی شاندی یەکیەتیی پارلمانتاران،  باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر بارودۆخی دوای ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و ڕۆڵی حیزبی دێموكرات و ناوەندی هاوكاری و کارگەرییە پۆزێتیڤەکانی ئەو بابەتە لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا شی کردەوە.

لە درێژەی ئەم دانیشتنەدا مامۆستا جەماڵ قاسم و شاندی یەکیەتیی پارلمانتاران خۆشحاڵیی خۆیان لە گەشانەوەی جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دەوری حیزبی دێموكرات لەو قۆناخەدا دەربڕی و هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان لەمەڕ ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و پێشنیاری ئەو ڕێکارانە کرا کە دەکرێ لەم پێوەندییەدا بگرێنە بەر و هەروەها ڕۆڵ و هەڵوێستە سیاسییەكانی حیزبی دێموكراتیان بەرز نرخاند کە بەرپرسانە هەلوێستیان گرتووە و ڕۆڵی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیشیان بەرز نرخاند و داواکار بوون کە بازنەی ئەندامانی ناوەندی هاوکاری بەرینتر بکرێت.

لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا هەر دوو لایەن پێداگرییان لە سەر بەردەوامیی پێوەندییەکانی نێوانیان کردەوە .