کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی سەید "محەممەد موئمێن‌پوور" پێشمەرگەی دێرین و کەمئەندامی حیزبی دێموکرات لە شاری "سارپسبۆرگ" بەڕێوە چوو

17:47 - 9 سەرماوەز 2722

ڕۆژی دووشەممە ٧ی سەرماوەز، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کاک سەید "محەممەد موئمێن‌پوور" پێشمەرگەی دێرین و کەمئەندام، لەلایەن كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە بەشداریی چەندین لایەن و کەسایەتی لە شاری " سارپسبۆرگـ"ـی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

کاک سەید "محەممەد مۆئمێن‌پوور" پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکانی مەیدانی خەبات و کەمئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و برای شەهید "مستەفا مۆئمێن‌پوور" ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەز بەرانبەر بە ٢٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی، لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی دڵ لە شاری "سارپسبۆرگـ"ـی وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد. 

کاک سەید "محەممەد" لە گوندی "چەپەراوێـ"ـی شاری شنۆ لەدایک بووە و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و شەڕی داسەپاوی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بە سەر خەڵکی کوردستاندا لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی چەکی بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستانی کردە شان و وەک پێشمەرگەیەکی بەوەج لە ناوچەی شنۆ درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتی دا. 

ناوبراو لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری وەک "جێگر لک، کادری تەشکیلاتی ناوچە و هەروەها ئەندامیەتی لە کۆمیتەی شارستانی "شنۆ"ی پێ ئەسپێردراو و بەوپەڕی لێهاتووییەوە ئەرک و ئەسپاردەکانی ڕاپەڕاند.

سالی ١٣٦٧ لە بناری داڵانپەڕ بەهۆیی تەقینەوەی خۆمپارە بە سەختی بریندار بوو و هەر دووک چاوی لەدەست دا.

ساڵی ١٩٩٩ی زایینی، دوای دەیان ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی، بە بنەماڵەوە پەڕیوەی هەندەران بوو و لە وڵاتی نۆڕوێژ گیرسایەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەفادار بە ڕێباز و حیزبەکەی مایەوە و وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب لە دەرەوەی وڵات چالاکییە حیزبییەکانی دەست پێ کرد و بۆ ساتێکیش لە حیزبەکەی دانەبڕا و وەک ئەندامێکی دڵسۆز درێژە بە تێکۆشانی خۆی دا.

کاک سەید "محەممەد" کەسایەتییەکی قسەخۆش، کۆمەڵایەتی، سادق، پاک و دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر بوو کە زیاتر لە ٤٣ ساڵی تەمەنی خۆی بە خاک و نیشتیمان بەخشی و تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدە نەمرەکانی گەل و نیشتمان مایەوە. 

کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ وێڕای هاودەردی لەگەڵ سەرجەم خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و بەتایبەتی بنەماڵەی شەهیدانی ئەم دواییانەی شۆڕشی ژینا، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک سەید "محەممەد مۆئمێن‌پوور"، دۆستان و خەڵکی ناوچەی شنۆ و سەرجەم هاوڕێ و هاوسەنگەران و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.

هەروەها "عەبدوڵڵا فەتاحی، ئەحمەد عەزیزی، نیعمەت تەوارە، فەزڵ کوێستانی و شنە مۆئمێن‌پوور" لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە لە پێوەندی لەگەڵ کەسایەتی کاک سەید "محەممەد" چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

ئەو لایەن و کەسایەتییانەی کە پەیامی هاودەردییان بۆ کۆچی دوایی کاک سەید "محەممەد" لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ناوبراو ئاراستە کرد بریتی بوون لە:
کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ
لقی شەشی پارتی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ ، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کورردستانی ئێران لە ناوچەی "ئۆستفۆڵد"ی نۆروێژ.