کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ئۆکراین لە "فیفا" بۆ دەرکردنی ئێران لە جامی جیهانیی قەتەر

10:51 - 10 خەزەڵوەر 2722

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی تۆپی پێی ئۆکراین، بە پێشکەشکردنی نامەیەک بۆ فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێی جیهان، داوای دەرکردنی تیمی میللی ئێرانی لە جامی جیهانیی ٢٠٢٢ی قەتەر کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، یەکیەتیی تۆپی پێی وڵاتی ئۆکراین، لە نامەیەکی فەرمیدا داوای لە فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێی جیهان کرد کە تیمی تۆپی پێی میللیی ڕێژیمی ئێران، لە جامی جیهانیی ساڵی ٢٠٢٢ی قەتەر دەربکرێ.

 یەکیەتیی تۆپی پێی ئۆکراین ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی خەریکی هاوکاریی ڕووسیە بەدژی ئۆکراین لە ڕووی چەکوچۆڵەوەیە، ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەندی "سێ و چوار"ـی ئەساسنەمەی فیفا باس لەوە دەکا کە دەبێ ڕێز لە سەروەریی وڵاتان بگیردرێ بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ پارێزراو بێ بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەو یاسایانەی پیشێل کردوون

لە بەشێک لەو نامەیەدا کە بۆ فیفا نێردراوە، هاتووە کە، بە چاولێکردنێک لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گەمارۆکانی دژبە کۆماری ئیسلامی و ڕۆڵی ئەو ڕێژیمە لە پشتیوانیی هێزەکانی ڕووسیە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، داوا لە فیفا دەکەین کە دەرکردنی تیمی تۆپی پێی ئێران لە جامی جیهانی قەتەر تاوتوێ بکا و بە جیدییەوە لێی بڕوانێ.