کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری ئەنزەل خۆپیشاندەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید کرا

14:35 - 9 سەرماوەز 2722

مێهران سەماک، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری ئەنزەل سەر بە پارێزگای گیلان شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز، لە ڕەوتی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە گەڕەکی "چرا بەرقـ"ـی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە خوێنڕێژەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کرا.

سەماک، بەر لە شەهیدبوونی ستۆرییەکی سەبارەت بە ئاکام و دەنگۆیەکانی فووتباڵی نێوان ئێران و ئامریکا لە لاپەڕی ئینساگرامەکەی ڕوو لە گەلانی ئێران دانابوو و داوای کردبوو: "وا باشە زۆر خۆمان بەو شتە لاوەکییانەوە سەرقاڵ نەکەیەن و تەنیا جەخت بخەیەنە سەر مانگرتن و لە خۆپیشاندانەکان بەردەوام بین".

هەروها داوای کردبوو کە بەر لە ئاکامی ئەو فووتباڵە چ لە ئەگەری دۆڕان یان بردنەوەی ئێران باشتر ئەوەیە کە پاڵپشتی یەکتر بین.

لە سەرەتای دەستپێکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران هەتا ئێستا بە دەیان لاو و منداڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا لە ئێران و کوردستان شەهید کراون.