کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە قوتابخانەکانی کوردستان گوشاری خستووەتە سەر قوتابییان کە بەشداریی ڕێپێوانی ١٣ی ئابان بکەن

12:38 - 12 خەزەڵوەر 2722

ڕێژیم لە قوتابخانەی زۆربەی شارەکانی کوردستان بەتایبەت لە مەهاباد و کرماشان و زۆربەی شارەکانی دیکە فۆرمی بەشداریکردن لە ڕێپێوانی ١٣ی ئابانی داوە بە قوتابییان و بنەماڵەکانیان و گوشاری خستووەتە سەر مامۆستایان و قوتابییانی قوتابخانەکان کە پێویستە بەشداریی لە ڕێپێوانی ڕۆژی ١٣ی ئاباندا بکەن.

ڕێژیم لە مەهاباد، فۆرمی ڕەزایەتمەندی داوە بە بنەماڵەی قوتابییان کە منداڵەکانیان لە ڕێپێوانی ڕۆژی ١٣ی ئاباندا بەشداری پێ بکەن.

ڕێژیم لە مەهاباد دەیهەوێت کە بەرپرسانی قوتابخانە و قوتابییان بە زۆر ڕابکێشێتە تالاری وەحدەت و بۆ ئەو کارەش لە قوتابییانی سەرەتایی کەڵک وەردەگرێت چونکە لە قوتابییانی ناوەندی و دواناوەندی ترسی هەیە کە لە ڕێوڕەسمەکەدا بیکەنە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی.

هەروەها لە کرماشان، "شۆرای هاواهەنگیی تەبلیغاتی ئیسلامی" داوای لە قوتابییان و هەروەها خەڵک کردووە کە لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی قوتابیی ڕێژیمدا کە بڕیار وایە لە مزگەوتی "جامعـ"ـی ئەو شارە بەڕێوە بچێت، بەشداری بکەن.

ڕێژیم بۆ بەرپەرچدانەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی قوتابییان و خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە ئێستادا لە هەر شێوە ڕێگایەک کەڵک وەردەگرێت کە دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک و بەتایبەت قوتابییان بەلاڕێدا ببات و سەرکوتیان بکات.