کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی ئێران لە مەهاباد بەردەوامە

16:46 - 12 خەزەڵوەر 2722

شەوی پێنجشەممە ١١ی خەزەڵوەر، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی مەهاباد دژی ڕێژیمی ئێران لە چەندین گەڕەکی ئەو شارە هەروا بەردەوام بوو.

خۆپیشاندەران لە گەڕەکەکانی دۆڵی کەروێشکە، پشتەپ بەری شیلانان، شەهرەکی کارمەندان و چەندین شوێنی دیکەی شار، هاتنە سەر شەقامەکان و ئاگریان کردەوە و دژی ڕێژیم دروشمیان دا.

خەڵکی بەهەڵوێستی شار بە ڕێژەیەکی بەرچاو لەسەر شەقامەکان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و دروشمی "نەمان بۆ خامنەیی" و "ژن، ژیان، ئازادیـ"ـیان وتەوە.

ڕێژیم سەرەڕای تەندوتیژی و سەرکوتی زۆر نەیتوانیوە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنێت و ورە و ئیرادەی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ رێژیم و بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیم هەروا لە بەرزبوونەوەدایە.