![](/content/upload/1/news/56537_w920.jpg)
خەڵکی بوێر و ڕاپەڕیوی شاری شنۆ بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و درێژەدان بە ڕێگا و ڕێبازی چوار شەهیدی ڕێگای ئازادیی ئەو شارە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان بۆ ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە و داوایان لە خەڵکی شاری شنۆ و دەورووبەری کرد تێکڕا بێنە سەر شەقام و بۆ جارێکی دیکە ورەی پۆڵایینی خۆیان نیشان بدەن و ترس و دڵەڕاوکێ بخەنە نێو دڵی بەکرێگیراوان و داگیرکەرانی کوردستان.
لەم ڕاگەیەندراوەدا ڕوو لە خەڵکی شاری شنۆ هاتووە: خەڵکی بەشەرەف و ئازادیخوازی شاری شنۆ، لاوان، ژنان و پیاوانی ئاشتیخواز، هەر وەک ئاگادارن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوشتنی لاوانی وڵاتەکەمان بەردەوامە و لە ڕشتنی خوێنی لاوەکانمان هیچ خۆی سڵ ناکات.
شاری شنۆ بەپێی هەلومەرج بە پێشوازیی خۆپیشاندانی خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هات و لە بەرانبەر ڕێژیمی ژن و منداڵکوژدا هاتنە سەر شەقام و لەو ڕێگایەشدا چوار شەهیدی پێشکەش بە ڕێگای ڕزگاریی گەل و نیشتمانەکەی کرد، بەڵام جێگای ئاماژەیە کە هەموومان دەبێ باش بزانین ئەو ڕێگایە گەڕانەوەی نییە و دەبێ تەواو بکرێت چونکە کۆمەڵگای ئێران ناگەڕێتەوە سێ مانگ لەمەوپێش.
هەر بەم بۆنەوە داوا لە خەڵکی شار و گوندەکان دەکەین لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی کاتژمێر ٢ و سی خولەکی دوانیوەڕۆ بۆ درێژەدان بە ڕێگای شەهیدانی سوور خەڵاتی گەلەکەمان بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانەی خوارەوە بێنە سەر شەقام و خۆپیشاندانێکی هێمنانە بەڕێوە بەرن.
داوا لە خەڵکی شۆڕشگێڕی دانیشتووی گوندەکان دەکەین لە کاتی دیاریکراودا خۆیان بگەیەننە نێو شار ـ داوا لە مامۆستایان، قوتابییان، خوێندکاران، کرێکاران، وەرگێڕان ، بازاڕییان، هونەرمەندان و وەرزشوانان دەکەین بۆ داهاتووی منداڵەکانیان بێنە سەر شەقام ـ تکایە لە هەر جۆرە توندوتیژیی و ئاڵۆزی خۆتان بپارێژن چون لە بەرژەوەندیی ڕێژیمی سەرکوتکەری تاراندایە.