کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا باندێکی قاچاخی نەوتی سەر بە سپای پاسدارانی تەحریم کرد

11:27 - 13 خەزەڵوەر 2722

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، لە دەرێژەی گەمارۆکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەمجارە چەند کەس و کۆمپانیای پێوەندیدار بە قاچاخی نەوت و سپیکردنەوەی پارە بۆ ئەو ڕێژیمەی تەحریم کرد. 

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، باندێکی قاچاخی نێودەوڵەتیی نەوت کە سەر بە سپای پاسدارانە و بازرگانی و فرۆشتنی نەوتیان بۆ ڕێژیمی ئێران ئاسان کردووەتەوە و لەو ڕێگەیەوە پارەیان بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ناردووە، گەمارۆیان خراوەتە سەر.

گەمارۆ نوێیەکانی ئامریکا بەشی نەوت و گەیاندن و گواستنەوە و هەروەها کەشتیڕانیی ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج و بەرپرسان و ڕێکخراوەکانی سەر بە سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئامریکاوە گەمارۆی قورسیان خراوەتە سەر.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکادا ناوی ٦ کەس دەبینرێت کە خەڵکی سویس، فەرانسە، لوبنان و ئێرانن.

هەروەها ١٧ شیرکەتی تۆمارکراو لە سویس، ئیمارات، دوورگەکانی مارشاڵ، سەنگاپوور، ئێران و تورکیە، بە سزاکانی ئامریکا زیاد کراون.

بەشێکی زۆری ئەم شیرکەتانە دەکەوێتە دوورگەکانی مارشاڵ کە یەکێکە لە گەورەترین ناوەندەکانی تۆمارکردنی کەشتیەکان بەتایبەتی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە جیهاندا.

هەروەها وردەکارییەکانی سزا نوێیەکانی ئامریکا دەریدەخات کە ١١ کەشتیی نەوتهەڵگر کە ئاڵای ''جیبۆتی، پاناما، لیبێریا و دوورگەکانی کوک''یان هەڵکردبوو، خرانە نێو لیستی ڕەشی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا.