ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران، تێکۆشەران لە چەند شاری کوردستان بە نووسینی دروشم چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لەو چالاکییەدا، لاوانی تێکۆشەر لە خوار "ساڵۆن تەختی"ی شاری سنە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادیـ"ـیان نووسیوەتەوە.
هەروەها لە چەند شوێنی شاری "مەهاباد" لەوانە "سەیدوا و پۆلیسی ڕێگای میاندواو بۆ مەهاباد" تێکۆشەران و دڵسۆزان لەسەر تابلۆکانی هاتوچۆ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و لە سەر دیواری گوندەکانی ناوچەی "شامات" دروشمی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردستان کۆڵ نادا"یان نووسیوەتەوە.
دوای کوژرانی ''ژینا ئەمینی'' بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێران، نزیکەی ٥٠ ڕۆژە، لە شارەکانی کوردستان و ئێران وێڕای ئەویکە خەڵک دژی ڕێژیمی ئێران ڕژاونەتە سەر شەقام، خەڵکی تێکوشەر و خەباتکار بە دروشم نووسین و چالاکیی دیکە، هەڵوێستی خۆیان دەر دەبڕن.