کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ١٣ی خەزەڵوەردا دەستی بە چەواشەکاری کردەوە

17:22 - 13 خەزەڵوەر 2722

ئەمڕۆ هەینی ١٣ی خەزەڵوەر، ڕێژیمی ئێران بانگەوازی بڵاو کردبووەوە کە خەڵک بەشداری لەو ڕێوڕەسمەی ڕێژیمدا بکات، بەڵام خەڵک بە پێشوازیی ئەو بانگەوازەوە نەچوون.

باس لەوە دەکرێت کە تەنیا کەسانێکی کەم، ئەویش هەلپەرست و سەر بە ڕێژیم بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا کردووە و ڕێژیم بۆ ئەوەی بۆنەکەی چڕوپڕ نیشان بدات و سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و بە دنیا نیشان بدات کە ڕەوایی لەنێو خەڵکدا ماوە کەڵکی لە دیمەنەکانی ١٣ی خەزەڵوەری ساڵانی ڕابردوو وەرگرتووە و بە خەڵکیان نیشان دەداتەوە کە بووەتە جێگای گاڵتە و جەفەنگی خەڵکی دژبەری ئەو ڕێژیمە.

بەپێی زانیارییەکان ڕێژیم لەو ڕێوڕەسمەدا فێڵی لە خەڵکی نوێژکەر کردووە و کاتێک نوێژی هەینی تەواو بووە و خەڵک لە مزگەوت هاتوونەتە دەرەوە،  دار و دەستەی ئەو ڕێژیمە چوونەتە نێو خەڵکەوە و فیلم و وێنەیان لەگەڵ گرتوون تاکوو نیشان بدەن جەماوەرێکی زۆر بەشدارییان کردووە و ئەو دەسەڵاتەیان قبووڵە.

ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەر ناسراو بە ١٣ی ئابان بەو هۆیەوە لەلایەن رێژیمی ئێران ناودێر کراوە کە هەمان ڕۆژ لە ساڵی ١٣٥٧دا کۆمەڵێک قوتابی لەلایەن ڕێژیمی پەهلەوییەوە کۆمەڵکوژ کراون. 

ئەوە لە حاڵێکدایە کە تەنیا لەو خۆپیشاندانانەی نزیک ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژەیەکی زۆر لە مێرمنداڵانی قووتابی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندییەوە شەهید و هەروەها زۆربەیان دەسبەر بێ سەر و شوێن کراون.