کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: یاسای بنەڕەتیی ئێران پڕە لە چەواشە و هەڵاواردن

11:27 - 14 خەزەڵوەر 2722

پێشنوێژی ئایینیی سوننە لە زاهیدان، بە دانە بەر ڕەخنەی یاسای بنەڕەتیی ئێران گوتی: یاسای بنەڕەتیی ئێران ٤٣ ساڵ پێش داڕێژراوە و پڕە لە چەواشە و هەڵاواردن و بۆ ئەم سەردەمەش نابێ.

مەولەوی عەبدولحەمید ڕۆژی هەینی ١٣ی خەزەڵوەر لە خوتبەکانی نوێژی هەینیدا وێڕای مەحکوومکردنی سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە سەبارەت ڕەخنەی توندی لە یاسای بنەڕەتیی ئێران گرت و گوتی: ئەو یاسا بنەڕەتییەی ٤٣ ساڵ لەوەپێش پەسەند کراوە، تا ئێستا بەڕۆژ نەکراوەتەوە و ئەو خەڵکەی ئەوکات نەماون و ئێستا نەوەیەکی هوشیار لە ئێران ژیان دەکا کە ڕووبەڕووی هەموو زوڵم و هەڵاواردنێک دەبێتەوە.

ناوبراو لەدرێژەدا بە ئاماژە بە هەڵاواردن بەدژی ژنان لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا و سەرکوتی ژنان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە گوتی: ئەمرۆ زۆرترین ناڕەزایەتیی و داواکارییەکان لەلایەن ژنانەوەیە و داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبنەوە، شۆڕشێک کە تا ئێستا ٥٠ ڕۆژە بەردەوامە ئەگەر ویست و ئازادییە تاکەکەسییەکانی تێدا دەستەبەر نەکرێ دڵنیا بن کە بەردەوام دەبێ و زیاتر خەڵک دەڕژێنە سەر شەقامەکان.