کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە سەردەشت کۆچی دوایی کرد

11:52 - 14 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەر کاک "عەبدوڵـڵا عەزیزی" کەسایەتیی دیار و ناسراوی خەڵکی گوندی "بێتووش" سەر بە ناوچەی "ئالانـ"ـی  شاری سەردەشت، بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک عەبدوڵـڵا ھەر لە تەمەنی مێرمنداڵیەوە حەزی لە کاروباری سیاسی بووە و وەکوو تێکۆشەرێکی حیزبی چالاک بووە. ئەو بە کاریگەری وەرگرتن لە جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ی هاتاوی و لەژێر چاوەدێری شۆڕشگێری ناوداری کورد شەھید مەلا "ئاوارە"دا لە بەشی ڕێکخستنی نھێنیدا ئەرکی سەرشانی بەڕێوە بردووە.
لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران و ھاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ناوبرا بوو بە پێشمەرگە و تا ماوەیەکی دیاریکراو وەکوو کادری ڕێکخستن و پاشان بەرپرسی بنکەی گومرک ئەرکی بەڕێوە بردووە.
کاک "عەبدوڵـڵا عەزیزی" کەسێکی دەست و داوێن‌پاک و لە ھەمان کاتدا جێگای متمانەی حیزب و خەڵکی دەوروبەر بوو. ئەو لە ساڵی ١٣٦٤ی ھەتاوی بەھۆی کۆمەڵە هۆکارێکی و لەسەر ڕەزامەندیی ئۆرگانەکەی گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی و لەو کاتەوە تا ئەو ڕۆژەی کۆچی دوایی کرد، وەکوو کوردێکی بەبیر و باوەڕ و کەسایەتییەکی جێگای متمانە، ژیانی سەربەرزانەی درێژە پێدا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە کەسوکاری ناوبرا و بنەماڵەی کۆچکردوو کاک "عەبدوڵـڵا عەزیزی" و ناوچەی "ئالان" و بە گشتی شاری سەردەشت دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.