کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆی تاران و بەهەشتی دەسپێکی قۆناخێکی نوێ لە مانگرتنەکانیان ڕاگەیاند

11:58 - 14 خەزەڵوەر 2722

خوێندکارانی زانکۆی تاران و بەهەشتی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەسپێکی قۆناخێکی نوێ لە مانگرتنەکانیان ڕاگەیاند.

ئەو خوێندکارانە دەڵێن بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە توندوتیژیی لەڕادەبەدەر دژی خەڵکی بێدیفاع لە شەقامەکان و زانکۆکان، سەرکوتی ناڕازییان، پێشێلکردنی مافە یاساییەکانی خوێندکاران و ئەمنیکردنی زانکۆ، وێڕای خوێندکارانی سەراسەری ئێران لە ڕۆژی شەممە ١٤ی خەزەڵوەرەوە ناچینەوە سەر کلاسەکانی خوێندن و تا ئەو کاتەی کە خوێندکارانی زانکۆ ئازاد نەبن و دۆخی زانکۆ ئاسایی نەبێتەوە، لە مانگرتن بەردەوام دەبین.

لەو بەیاننامەیەدا داوا لە خوێندکارانی دیکەی زانکۆکان کراوە کە بێدەنگی بشکێنن و دەنگی ئازادیخوازیی هاوکلاسی و هاونیشتمانیانی خۆیان ببیستن و لە ئاست ڕژانی خوێنی هاونیشتمانییانی خۆیان بێ هەڵوێست نەبن. هەروەها داوا لە مامۆستایانی زانکۆکان کراوە کە چیدیکە بێڕێزی و بێحورمەتی هێزەکانی ڕێژیم قەبووڵ نەکەن و بێدەنگییان لەو بارەوە بشکێنن و هەڵویستی جیددی لە خۆیان نیشان بدەن.

لەلایەکی دیکەوە خوێندکارانی زانکۆی تاران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و داوایان لە خەڵک و خوێندکاران بۆ درێژەدان بە مانگرتنەکان کردووە.

لە بەیاننامەی ئەو خوێندکارانەدا هاتووە کە هەوڵ بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازیی ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێت. بە قەدەغەی چوونە زانکۆ، لێدان، هێرش و دەسبەسەریی خوێندکاران، ڕفاندنی خوێندکاران و دەیان جینایەتی دیکە هەوڵ دراوە کە هەوری نەگبەتی و ترساندن و تۆقاندن بەسەر زانکۆکاندا زاڵ بکەن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لەوڕۆدا زوڵم و ستەم، لە قاڵبی یاسادا بەرەوڕووی خەڵک دەکرێتەوە و ئازادیخوازیی بووەتە گەورەترین تاوان. لەو بارودۆخەدا چۆن دەکرێت بچینەوە سەر کلاسەکانی خوێندن و بێدەنگ دانیشین لە ئاست خوێنی هەموو ئەو هاوڕێیانەمان کە دەسبەسەر یا شەهید کراون. بۆیە داوا لە خوێندکارانی هەموو زانکۆکان دەکەین کە نەچنەوە سەر کلاسەکانی خوێندن و بۆ پشتیوانی لە یەکتر و نیشاندانی ناڕەزایەتی لە ڕۆژی ١٤ی خەزەڵوەرەوە دەست بە مانگرتن بکەن.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لەمەودوا ڕوو لە هەموو سەرکوتکاران دەڵێین کە "لێمان بترسن، چونکە ئێمە خوێندکاران هەموو پێکەوەین و یەکگرتووین" و بانگیان لە مامۆستایانی زانکۆکان کردووە کە بیدەنگییان بشکێنن و بێ هەڵوێست دانەنیشن و پشتی خوێندکاران بگرن.

ئازادی بێ شەرت و مەرجی خوێندکارانی دەسەبەسەرکراو، لابردنی بەربەستەکانی سەر ڕێگای خوێندکاران، بردنە دەرەوەی هێزە ئەمنی و لیباس شەخسییەکان لە زانکۆ، دەستەبەری داهاتووی خوێندکاران لە زانکۆ، لەسەرکار لابردنی ئەو بەرپرسانەی زانکۆکان کە لە ڕەوتی سەرکوتی خوێندکاراندا دەستیان هەبووە، داوای لێبوردن لە خوێندکاران سەبارەت بەو بێڕێزییانەی پێیان کراوە، کۆتایی‌هێنان بە یاسا دواکەوتووانەکانی زاڵ بەسەر زانکۆ بەتایبەت جیاکردنەوەی شوێنی نانخواردنی کچان و کوڕان، ئەو کۆمەڵە داوایەن کە خوێندکاران لە بەیاننامەی خۆیاندا خستوویانە بەر باس.